چیک و سلۆڤاکیا زیاتر لە 180 هاووڵاتی خۆیان لە ئیسرائیلەوە گەڕاندەوە

بەرپرسانی چیک و سلۆڤاکیا ڕایانگەیاند، بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران، 181 هاووڵاتی خۆیان لە ئیسرائیلەوە گەڕاندووەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە، دوێنێ سێشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2025، چیک بە فڕۆکەی حکوومی 66 هاووڵاتی وڵاتەکەی لە ئیسرائیلەوە گەڕاندووەتەوە، هەروەها سلۆڤاکیاش 73 هاووڵاتی خۆی لەڕێگەی عوممانەوە گەڕاندووەتەوە شاری براتیسلاڤای وڵاتەکەی.

لە ڕۆژی هەینی ڕابردوو، دوای دەستپێکردنی هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئێران، ئیسرائیل ئاسمانی وڵاتەکەی داخست و تاوەکوو ئێستاش داخستنەکە بەردەوامە.

وەزیری بەرگری چیک، یانا سیرنۆخۆڤا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، "خۆشحاڵم بەوەی هەموو ئەوانەی گەڕێندراونەتەوە سەلامەتن، پرۆسەکە زۆر قورس بوو" بەتایبەت لەو دۆخەی ئێستا.

ئاماژەی بەوەش کرد، 66 هاووڵاتی چیکیمان گواستووەتەوە وڵات، گوتیشی: نەمان توانی فڕۆکەی سەربازی ڕاستەوخۆ بنێرینە ئیسرائیل بۆ هێنانەوەی ئەو هاووڵاتیانە، چونکە ئاسمانی ئەو وڵاتە داخراوە، بۆیە لە ڕێگەی وڵاتێکی دراوسێی ئیسرائیلەوە پرۆسەکەمان جێبەجێکرد.

یورای بلانار، وەزیری دەرەوەی سلۆڤاکیا ڕایگەیاند، بەفڕۆکەی حکوومەت، ڕۆژی دووشەممە، 73 هاووڵاتی کە زۆرینەیان سلۆڤاکیی بوون لە ڕێگەی وڵاتی عوممانەوە گەڕاندەوە شاری براتیسلاڤا، گوتیشی: هەر بەفڕۆکەی سلۆڤاکی 42 هاووڵاتی دیکەمان لە ڕۆژی سێشەممە گەڕاندەوە وڵات.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زاناکانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی بە سەدان مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر  تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون.