تاران.. ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و گرووپێکی چەکدار ڕوویدا
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی 'مێهر'ـی ئێرانی بڵاوی کردەوە، ڕووبەڕووبونەوەیەک لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی ئێران و گرووپێکی چەکدار ڕوویداوە کە گومان دەکرێت ئەندامانی هەواڵگری ئیسرائیل 'مۆساد' بن و پلانی کردەوەی تیرۆریستیان هەبێت.
ئاژانسی مێهر' ڕوونیشی کردەوە، "شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەکە لە شاری 'ڕێی' لە باشووری تاران ڕوویداوە و ماوەی نیو کاتژمێر بەردەوام بووە و دواتر دەستگیر کراون"، گومان دەکرێت ئەو گرووپە پەیوەندییان بە هەواڵگری ئیسرائیلەوە هەبێت.
ئاژانسی مێهر ئاماژەی بەوەش داوە، "ئەو گرووپە پلانیان هەبووە کردەی تیرۆریستی لە شوێنە قەرەباڵغەکانی تاران بکەن، بەڵام پلانەکانیان پوچەڵ کراوەتەوە."
هەروەها ناوەندی هەواڵگریی سوپای پاسداران لە پارێزگای لۆرستان ڕایگەیاندووە، لە هەڵمەتێکی فراواندا توانیویانە لە شارەکانی خورەم ئاباد، برۆجەرد و دوو ڕوود، پێنج کەس بە تۆمەتی سیخوڕی و کارکردن بۆ بەرژەوەندی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (موساد) دەستگیر بکەن.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زاناکانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی بە سەدان مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون.