پەکین لەسەر تیک تۆک ھاتە دەنگ
" بێ رەزامەندی ئێمە تیک تۆک بۆ فرۆشتن نییە"
K24 - ھەولێر
بۆ فرۆشتنی تەکنەلۆژیا پەکین چەندین رێوشوێنی نوێی دەرکرد، کە کۆمپانیای بایت دانس ناچار دەکات، بەر لە فرۆشتنی ئەپڵیکەیشنی تیک تۆک سەرەتا رەزامەندنی لە حکومەتی چین وەربگرن.
بەگوێرەی ئەو یاسا نوێیە، دەبێت کۆمپانیاکان رەزامەندی لە بەشی بازرگانی و زانست و تەکنەلۆژیای هەرێمی وەربگرن، بۆ ماوەی 30 رۆژ چاوەڕی بکەن تاوکو بڕیاری لەسەر دەدرێت، دواتر بۆ فرۆشتن دانوستاندن لەگەڵ لایەنی بیانی بکەن.
دوای تەواوکردنی گرێبەستەکەش پێویستە داواکارییەکی دیکە بۆ دەرکردنی ئەپڵیکەیشنەکە بۆ دەرەوەی وڵات پێشکەش بکەن کە 15 رۆژی دیکەی پێویستە.
هەروەها وەزارەتەکانی بازرگانی و زانست و تەکنەلۆژیای چین رایانگەیاندووە، مەبەستی سەرەکی لەو روێوشوێنە نوێیانە چاوخشاندنەوەیە بە یەکەم بڕیار کە ساڵی 2008 دەرکراوە، ئامانج لێی بە فەرمی بەڕێوەبردن و ناردنە دەرەوەی تەکنەلۆژیا و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانییە.
ئەمە لە کاتێکدایە هەفتەی رابردوو کۆمپانیای تیک تۆک، داوایەکی یاسایی لەسەر بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا تۆمارکرد، کە هەوڵدەدات کارکردنی ئەو کۆمپانیا چینییە لە ئەمەریکا قەدەغە بکات، ئەگەر بە کۆمپانیای بایت داینس ئەپڵیکەیشنی تیک تۆک بە کۆمپانیایەکی دیکەی ئەمەریکی نەفرۆشێتەوە.