بەهای دراوی ئێران لە پێنج رۆژدا زیاتر لە 10% دابەزی
بەهای تومەنی ئێرانی لە بازاڕی ئازاددا داڕمانێکی مێژوویی نوێی تۆمار کرد و نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی بۆ سەرووی 26 ملیۆن و 700 هەزار تومەن هەڵکشا، هاوکات نرخی یەک یۆرۆش 300 هەزار تومەنی تێپەڕاند؛ ئەمەش تەنیا لە ماوەی پێنج رۆژدا زیاتر لە 10%ـی بەهای دراوەکەی دابەزاندووە و مەترسیی لەسەر ژیان و بژێوی و کەرتی تەندروستیی هاووڵاتیان دروست کردووە.
شەممە 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەپێی نوێترین داتاکانی بازاڕ و ناوەندەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە ئێران، تومەنی ئێرانی دابەزینێکی بێوێنەی لە مێژووی خۆیدا تۆمار کردووە؛ بە جۆرێک نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی گەیشتە سەرووی 267 هەزار تومەن واتە 100 دۆلار بەرامبەر زیاتر لە 26 ملیۆن و 700 هەزار تومەن مامەڵەی پێوە دەکرێت. ئەم داڕمانە سەرجەم دراوە بیانییەکانی دیکەشی گرتووەتەوە و نرخی هەر یۆرۆیەک گەیشتووەتە زیاتر لە 300 هەزار تومەن، پاوەندی بەریتانی بۆ 352 هەزار تومەن و دەرهەمی ئیماراتیش بۆ سەرووی 73 هەزار تومەن بەرزبوونەتەوە.
داتاکانی بازاڕ دەریدەخەن، لە رۆژی 28ـی ئەیلوولدا نرخی یەک دۆلار بە 241 هەزار و 800 تومەن مامەڵەی پێوە دەکرا، بەڵام تەنیا لە ماوەی پێنج رۆژدا بەهای دۆلار زیاتر لە 24 هەزار تومەن بەرزبووەتەوە، کە دەکاتە زیاتر لە 10% هەڵکشان.
هاوکات لەگەڵ دراوە بیانییەکاندا، بازاڕی زێڕ لە ئێران شۆکێکی نوێی بەخۆیەوە بینیوە؛ نرخی هەر گرامێک زێڕی عەیار 18 گەیشتووەتە زیاتر لە 26 ملیۆن و 132 هەزار تومەن، و هەر سکەیەکی ئیمامیش بە نزیکەی 267 ملیۆن تومەن مامەڵەی پێوە دەکرێت، کە بەراورد بە رۆژی پێشوو نزیکەی پێنج ملیۆن تومەن لە بەهاکەی زیادی کردووە.
شارەزایانی ئابووری هۆشداری دەدەن کە ئەم شەپۆلە نوێیەی داڕمانی تومەن و هەڵکشانی هەڵاوسان، دەبێتە هۆی گرانبوونی لەڕادەبەدەری هاوردەکردنی کاڵا و کەرەستەی خاو، ئەمەش گوشارێکی کوشندە لەسەر دابینکردنی خۆراک، دەرمان و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان و مووچەخۆران دروست دەکات.