دۆناڵد ترەمپ: پێویستە ئێران بەبێ مەرج خۆی بەدەستەوە بدات

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: کات ماوە بۆ وەستاندنی شەڕ و بە ئێرانمان گوت کاتی ڕێککەوتن بەسەرچووە

چوارشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: بە ئێرانم گوت، کاتی ڕێککەوتن بەسەرچووە، ئێستا ئێران هیچ بەرگرییەکی نەماوە و هەموو ئاسمانی وڵاتەکەیان لەلایەن هێزەکانی ئێمەوە کۆنترۆڵ کراوە.

ترەمپ گوتی: خەڵکی ئێران کەسانی باشن ژمارەیەکی زۆریان لە ئەمەریکا دەژین. لەوانەیە بەشداری هێرشەکانی ئیسرائیل ببین بۆ سەر ئێران. ڕەنگە هەفتەی داهاتوو هەفتەیەکی یەکلاکەرەوە بێت، لەوانەشە ئەوە کەمتر لە هەفتەیەک بخایەنێت.

ترەمپ باسی لەوە کرد، نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و هەروەها چەندین ساڵە لەلایەن ئێرانەوە هەڕەشەمان لێ دەکرێت.

دۆناڵد ترەمپ، جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە ئێران بەبێ مەرج خۆی بەدەستەوە بدات و تاوەکوو ئێستا کات ماوە بۆ وەستاندنی شەڕ. 

ترەمپ سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا، گوتی: من سەرۆک بوومایە، ڕێگەم نەدەدا جەنگ لەنێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا ڕوو بدات.