وەزارەتی ڕۆشنبیری: هەر میدیایەک هەواڵی بێ بنەما بڵاو بکاتەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەکرێتەوە

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان، سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، پەیج و بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت: هەر هەواڵێکی بێ بنەما بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێم و ترس و تۆقاندن بڵاو بکەنەوە، ڕووبeڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەکرێنەوە.

چوارشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژە بەوە دا، ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێ دەپەڕێت، ڕاگەیاندن ئامرازێکی کاریگەرە و میدیای کوردی دەتوانێت ڕۆڵی گرنگ لە پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و پێگەی بێلایەنانەی هەرێم لە ڕووداوەکانی ناوچەکەدا بگێڕێت.

وەزارەتەکە دەڵێت: ئاگاداری سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و پەیج و بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا دەکەینەوە، کە پێویستە ڕەچاوی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و  باری دەروونیی خەڵک بکرێت و هیچ جۆرە هەواڵێکی بێ سەرچاوە و نادروست دەربارەی پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی بڵاو نەکرێتەوە کە لایەنگیریی تێدا بێت.

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، پێویستە هەموو جۆرە هەواڵێک لە بارەی ئەمنییەتی کوردستان و زانیاریی دەربارەی ڕووداوەکانی تەنیا لە سەرچاوەی فەرمییەوە وەربگیرێت.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەر لایەن و دامەزراوەیەکی مێدیایی و بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا، هەواڵی بێ بنەما بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ترس و تۆقاندن بڵاو بکاتەوە، ئەوا ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەکرێتەوە.

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment