خۆپیشاندانەکانی هەولێر دژی بڕیارەکانی بەغدا دەبنە سەردێڕی میدیا جیهانییەکان
خۆپیشاندانە جەماوەرییە بەرفراوانەکانی رۆژی پێنجشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2026 لە هەولێر و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دژی بڕیارەکانی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق لەبارەی کێڵگە نەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکان، بوونە سەردێڕی سەرەکی و جێی سەرنجی میدیا جیهانی و هەرێمییەکان.
میدیا دیارەکانی جیهان و ناوچەکە, لەوانە: واشنتن پۆست، ئێن بی سی نیوز، ئەسۆشیەیتد پرێس (AP)، رۆیتەرز، دی دەبلیو (DW)، جەزیرە ئینگلیزی، ئەلمۆنیتۆر، زە ناشناڵ، واشنتن تایمز، میدل ئێست ئۆنلاین، زە نیو عەرەب، ئای 24 نیوز، سعوودی گازێت و ئەی پی تی (APT) و دەیان میدیای دیکە ناوچەکە و جیهانی راپۆرتی تایبەتییان لەبارەی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکەی بەردەم قەڵای هەولێر و گردبوونەوەکانی دهۆک و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بڵاو کردووەتەوە؛ هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان و لەلایەن بەشێک لە رۆژنامەوان و شلۆڤەکارە بیانییەکان کاردانەوەی زۆری لێ کەوتووەتەوە.
لە ڕاپۆرتی ئەو میدیایانەدا باس لەوە کراوە کە هەزاران هاووڵاتی بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و بەرزکردنەوەی دروشمی دژ بە بڕیارەکانی بەغدا رژاونەتە سەر شەقامەکان، و ئەو هەنگاوانەی بەغدا وای کردووە لایەنە سیاسییە رکابەرەکانی هەرێمی کوردستانیش بە یەکدەنگی لە بەرامبەر حکوومەتی فیدراڵیدا بوەستنەوە.
هەر یەک لە ئەسۆشیەیتد پرێس و دی دەبلیو سەرنجیان خستووەتە سەر رەگوڕیشەی ناکۆکییەکان لەسەر دەسەڵاتە دەستوورییەکان، ناوچە جێناکۆکەکان، جێبەجێنەکردنی مادەی 140 و دۆسیەی نەوت و بودجە.
لە هەولێر، بەیانیی رۆژی پێنجشەممە هەزاران کەس لە سەرجەم چین و توێژەکان، لە قوتابییانی زانکۆ و پەیمانگەکان، مامۆستایان، فەرمانبەران، کاسبکاران و خانەنشینان، لە رێڕەوە سەرەکییەکانەوە بەرەو بەردەم قەڵای هەولێر خۆپیشاندانیان کرد. لە لافیتەکانی خۆپیشاندەراندا نووسرابوو: «هەرێمی کوردستان ملکەچی بڕیارێکی نادەستووری و سەپاندنی ئیرادەی هیچ کەس و لایەنێک نابێت».
بەشداربووان لە کاتی رووماڵی کوردستان24دا دووپاتیان کردەوە کە کێشەی ئەوان تەنیا پرسی مووچە نییە، بەڵکوو پرسی خاک، ناسنامە و پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانە.
گرژییەکان دوای بڕیارەکانی رۆژی سێشەممەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستیان پێ کرد بۆ خستنەژێر دەسەڵاتی فیدراڵیی دەروازە سنوورییەکان، مۆڵەتی هەناردەی نەوت و کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک، دیالە، سەلاحەددین و نەینەوا بە پاساوی رێگری لە قاچاخچێتیی نەوت.
لەگەڵ پەرەسەندنی کاردانەوەکاندا، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رۆژی پێنجشەممە رەتی کردەوە هیچ جووڵەیەکی سوپا بەرەو هەرێمی کوردستان هەبێت و گوتی زەیدی پێداگریی لە پاراستنی خەڵکی کوردستان کردووەتەوە نەک هەڕەشەکردن. هاوکات چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق رۆژی چوارشەممە دەستپێشخەرییەکەی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییان پەسەند کرد بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی نیشتمانی لە 1ی کانوونی یەکەمی 2026 بۆ چارەسەری قەیرانە دەستوورییەکە.
لە لایەنی هەرێمی کوردستانەوە، سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم، و هەردوو پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیام و راگەیاندراوەکانیاندا زمانی سەربازی، هەڕەشە و بڕیارە تاکلایەنە و نادەستوورییەکانیان رەتکردەوە، دووپاتیان کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەرهەمی خەبات و خوێنی گەلی کوردستانە و لەسەر بنەمای دەستوور هاوکار دەبن بۆ رێگری لە گەندەڵی و قاچاخچێتی، نەک بە تۆمەت و سەپاندنی ناوەندگەرایی.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش رۆژی پێنجشەممە سوپاسی بەشداریی گەنجان و هاووڵاتییانی لە خۆپیشاندانەکانی هەولێردا کرد و رایگەیاند، هەم پارتی و هەم یەکێتی ئامادەییان بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکەی یەکی کانوونی یەکەم نیشان داوە، لە دیدارێکیشدا لەگەڵ باڵیۆز، کونسوڵ و نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی دا، بە گوێرەی دەستوور داکۆکی لە مافەکانی گەلی کوردستان دەکەین، هاوکات هەموو بڕیارێکی نادەستووری دژی قەوارەی هەرێمی کوردستانی رەتکردەوە.