نوێنەری ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی: تاران لەژێر فشاردا دانوستان ناکات

ئەمیر سەعید عیرفانی، نوێنەری ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی
ئەمیر سەعید عیرفانی، نوێنەری ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی

نوێنەری ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دووپاتی کردەوە، تاران لەژێر فشاردا دانوستان و ئاشتی قبووڵ ناکات.

چوارشەممە 18ـی حوزەیرانی 2025، ئەمیر سەعید عیرفانی، نوێنەری ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، هیچ کام لە بەرپرسەکانمان داوایان نەکردووە بچنە کۆشکی سپی و دانوستان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران بکەن.

جەختی لەوە کردەوە، تاران لەژێر فشاردا دانوستان و ئاشتی قبووڵ ناکات.  گوتیشی: وەڵامی هەر هەڕەشەیەک بە هەڕەشە دەدەینەوە.

هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: بە ئێرانم گوت، کاتی ڕێککەوتن بەسەرچووە، ئێستا ئێران هیچ بەرگرییەکی نەماوە و هەموو ئاسمانی وڵاتەکەیان لەلایەن هێزەکانی ئێمەوە کۆنترۆڵ کراوە.

ترەمپ گوتی: خەڵکی ئێران کەسانی باشن ژمارەیەکی زۆریان لە ئەمەریکا دەژین. لەوانەیە بەشداری هێرشەکانی ئیسرائیل ببین بۆ سەر ئێران. ڕەنگە هەفتەی داهاتوو هەفتەیەکی یەکلاکەرەوە بێت، لەوانەشە ئەوە کەمتر لە هەفتەیەک بخایەنێت.

ترەمپ باسی لەوە کرد، نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و هەروەها چەندین ساڵە لەلایەن ئێرانەوە هەڕەشەمان لێ دەکرێت.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.