ناتانیاهۆ: ئامانجمان نەهێشتنی پرۆگرامی ئەتۆمی و توانا مووشەکییەکانی ئێرانە
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: لە جەنگی دژی ئێران، زیانێکی زۆرمان پێ گەیشتووە، بەڵام سوپای ئیسرائیل زۆر لە ڕابردوو بەهێزترە و لە هێرشەکانی بۆ سەر ئەو وڵاتە بەردەوام دەبێت.
چوارشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لەمیانەی پێشکەشکردنی، گوتارێک، ئاماژەی بەوە دا "ئاسمانی تارانمان کۆنترۆڵ کردووە، هەروەها ئامانجمان لەم جەنگە نەهێشتنی پرۆگرامی ئەتۆمی و توانا مووشەکییەکانی ئێرانە."
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، گوتی: سوپای ئیسرائیل زۆر لە ڕابردوو بەهێزترە و هەنگاو بە هەنگاو بەرەو نەهێشتنی هەڕەشەی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستیکی پێشڕەوی دەکات.هەروەها سوپای وڵاتەکەمان زۆر لە ڕابردوو بەهێزترە.
ناتانیاهۆ بە نیگەرانییەوە، گوتی: لە جەنگی دژی ئێران زیانێکی زۆر و بە ئازارمان پێ گەیشتووە، بەڵام سوپاسی ترەمپ دەکەم کە پشتیوانمانە، بە تایبەتی لە پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ بەرگریکردن لە ئاسمانی ئیسرائیل.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.