ژمارەیەک ئەندامی پۆلیسی ئێران لە ئەنجامی هێرشی ئیسرائیل بریندار بوون

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، بڵاوی کردەوە، بەشێک لە بارەگاکانی فەرماندەیی پۆلیسی ئێران لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆمباران کراوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک ئەندامانی پۆلیس بریندار بوون.

چوارشەممە 18ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، لە زاری فەرماندەیی پۆلیسی ئێرانەوە، بڵاوی کردەوە، چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا، لە ئەنجامی بۆمبارانکردنی بارەگای فەرماندەیی پۆلیسی ئێران، لە لایەن ئیسرائیلەوە، ژمارەیەک ئەندامی پۆلیس بریندار بوون.

بەڵام ئاژانسەکە تا ئێستا، پلە و ناوی پۆلیسەکانی ڕانەگەیاندووە و ناشزانرێ ئایا بۆمبارانەکە بە فڕۆکە بووە یان مووشەک.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment