ترەمپ: کۆبوونەوەیەکی تایبەتمان لەسەر جەنگی ئیسرائیل و ئێران دەبێت
سەرۆکی ئەمەریکا، دەڵێت: ئێمە زۆر پێشنیازمان بۆ چارەکردنی کێشەکان و ڕێککەوتن خستە بەردەم ئێران، بەڵام ئەوان ڕازی نەبوون، ئێستاش کاتەکەی درەنگە بۆ ئەوەی کە داوای دەکەن. جەختی لەوەش کردەوە، هەموو شتێک ئەگەری ڕوودانی هەیە.
چوارشەممە 18ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە کۆشکی سپی قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسانی کرد و گوتی: پاش کاتژمێرێکی دیکە کۆبوونەوەیەکی تایبەتمان لەبارەی جەنگی ئیسرائیل و ئێران دەبێت، هەروەها هەڵوێستی ئێمە لەبارەی جەنگەکە ڕوونە و ئێستا چاودێری دۆخەکە دەکەین.
سەرۆکی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوە کرد، ئێمە زۆر پێشنیازمان بۆ چارەکردنی کێشەکان و ڕێککەوتن خستە بەردەم ئێران، بەڵام ئەوان ڕازی نەبوون، ئێستاش کاتەکەی درەنگە بۆ ئەوەی کە داوای دەکەن.
جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت بەرپرسانی ئێران بێنە کۆشکی سپی بزانین چیمان پێ دەکرێ بۆیان بکەین. دەشڵێت: من دووبارە دەیڵێمەوە جێگەی داخە ئێران سەرەتا بەو پێشنیازانە ڕازی نەبوون کە من پێشکەشم کردن.
هەر لەبارەی جەنگی ئیسرائیل و ئێرانەوە، ترەمپ، گوتی: هەڵوێست و رۆڵی ئێمە لەو بارەیەوە ڕوونە، ئێستا چاودێری دۆخەکە دەکەین، بەڵام من پێم ناخۆشە وێرانکاری و مردن لەو جەنگەدا ببینم، بەڕاستی ئەو دیمەنانە زۆر بێزارم دەکەن.
هاوکات گوتیشی: من 20 ساڵە بە بەردەوامی ئەو قسەیەم کردووە کە ئێران نابێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت، ئەوان گوێیان بە ئێمە نەدا، دەبوو ئەوان زۆر زوو تێبگەن کە نابێت چەکی ئەتۆمیان هەبێت.
لەبارەی بەشداریکردنی ئەمەریکا لە جەنگی دژی ئێران، دۆناڵد ترەمپ، ئاشکرای کرد، بەڕاستی ئێمە بیری لێ دەکەینەوە کە ئایا بەشدار دەبین لە جەنگەکە یاخود نا؟ بۆیە دەبێت گفتوگۆی زیاتر بکەم لەگەڵ تیمەکەم لەو بارەیەوە.
سەبارەت بە بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ، ترەمپ ڕایگەیاند: هیچ پلانێکمان بۆ تێکشکاندنی بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ نییە، ئەو قسەیە تەنیا میدیاکان و خەڵک قسەی لەبارەوە دەکەن.
ڕاشیگەیاند: ئیسرائیل داوای یارمەتیان لێ کردووین لەوەی هاوکاریان بین لە لەناوبرنی بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، من دواتر بڕیاری خۆم دەدەم.
لە درێژەی قسەکانیدا، ترەمپ، دووپاتی کردەوە، دەمەوێت ڕێککەوتنێکی زۆر باش لە نێوان ئیسرائیل و ئێران بێتە ئاراوە، من لە ڕابردوو ئەوەم ویست، بەڵام ئێرانییەکان ئەوەیان نەویست، ئەگەر ئەوان بیانەوێت من ببینن من ئامادەم، بەڵام لێتان ناشرمەوە تۆزێک درەنگە.
ترەمپ، لە کۆتایی قسەکانیدا ئەوەی ڕوون کردەوە، هەر کەسێکیش بە قسەی ئەمەریکا نەکات و چەکی ئەتۆمی هەبێت، ئەوا دەبێت بەرپرسیارەتی هەڵبگرێت لەو بڕیارەی کە دەیدات و لەو شتەش کە بەسەری دێت.