سوپای پاسداران: بە دوو قۆناغ و بە مووشەکی سجیل هێرشمان کردە سەر ئیسرائیل

سوپای پاسداران، ڕایگەیاند: لە ئەمڕۆوە دەرگەکانی دۆزەخ بە ڕووی ئیسرائیلدا دەکەینەوە و مووشەکە برووسکەئاساکانی هێزی ئاسمانیمان لێ ناگەڕێن بۆ ساتێکیش دوژمن لە ژێرزەمینەکانیان بێنە دەرەوە.
چوارشەممە، 18 حوزەیران، 2025، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، پاش ئەوەی لە هەڵمەتەکانی پێشووماندا سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی دوژمنمان تێک شکاند، ئەمڕۆ گوژمەی دوازدەیەمینی هێرشە مووشەکییەکانمان بۆ سەرزەمینی داگیرکراو، دەست پێ کرد.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، "ئەمشەو بە دوو قۆناغ و بە مووشەکی سجیل هێرشمان کردە سەر ئیسرائیل، هەروەها هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پشتیوانیی گەلی قارەمانی ئێران، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیلیان تێک شکاندووە و ئێستا ئاسمانی خاکی داگیرکراو باوەشی بۆ مووشەک و درۆنە ئێرانییەکان کردووەتەوە."
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە زاری فەرماندی گشتیی سوپای پاسدارانەوە ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە دەرگەکانی دۆزەخ بە ڕووی ئیسرائیلدا دەکەینەوە و مووشەکە برووسکەئاساکانی هێزی ئاسمانیمان لێ ناگەڕێن بۆ ساتێکیش دوژمن لە ژێرزەمینەکانیان بێنە دەرەوە. بۆیە تا زووە، ئەو خاکەی لەلایەن باب و باپیرانتانەوە داگیرکراوە، جێبهێڵن.
هەر ئەمڕۆ، ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، بۆ جارێکی دیکە نزیکەی 8 مووشەک، لە ئێرانەوە بەرەو ئیسرائیل هاوێژران.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.