پێگه‌یه‌ك: تره‌مپ دەیەوێت دڵنیا بێتەوە بۆمبی پەناگەشکێنی ئەمه‌ریکا دەتوانێت پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران لەناوبەرێت

پێگه‌یه‌كی ئه‌لیكترۆنی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، سەرۆکی ئەمه‌ریکا دەیەوێت دڵنیا بێتەوە ئایا بۆمبی پەناگەشکێنی ئەمه‌ریکا دەتوانێت پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران لەناوبەرێت یاخو ناتوانێت.

پێنجشه‌ممه‌‌، 19ـی حوزه‌یرانی 2025، پێگەی "ئەکسیۆس"ـی ئەمه‌ریکی لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی ئاگادار بڵاوی كرده‌وه‌، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمه‌ریکا دەیەوێت دڵنیا بێتەوە لەوەی، هێرشی ئەمه‌ریکا بۆ سەر ئێران وڵاتەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناخاتە جەنگێکی درێژخایەن. هەروەها دڵنیاییشی دەوێت، ئایا بۆمبی پەناگەشکێنی ئەمه‌ریکا دەتوانێت بە تەواوی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران لەناوبەرێت یان نا.

پێگەی "ئەکسیۆس"ئاماژەی بەوەش داوه‌، ئەمه‌ریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ئامادەیە، بەڵام هێشتا دڵنیا نەبوونەتەوە ئایا هێرشه‌كه‌ پێویستە؟

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.