ئێران ڕەتی دەکاتەوە بە مەبەست نەخۆشخانەی 'سۆرۆکا'ـی بۆمباران کردبێت
ئێران دووپاتی دەکاتەوە، بارەگای سەرەکیی سوپای ئیسرائیل ئامانجی هێرشەکەیان بووە، نەک نەخۆشخانەی سۆرۆکا.
بە گوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19-06-2025، ئێران بە زیاتر لە 25 مووشەکی بالیستی هێرشی کردووەتە سەر چەند ناوچەیەکی جیاوازی تەلئەڤیڤ و لە ئەنجامدا زیاتر لە 50 کەس بریندار بوون، کە برینی بەشێکیان سەختە.
جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "ئێران لە هێرشەکەی ئەمڕۆیدا نەخۆشخانەی سۆرۆکای هەزار قەرەوێڵەیی و شوێنێکی نیشتەجێبوونی بۆمباران کردووە و بە مەبەست هاووڵاتییانی مەدەنی دەکوژێت."
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لەسەر زاری ژمارەیەک فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران بڵاوی كردووەتەوە، ئامانجی سەرەکیی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، بارەگای گەورەی فەرماندەیی و ناوەندی هەواڵگریی سوپای ئیسرائیل بووە کە دەکەوێتە تەنیشت نەخۆشخانەکە.
بە گوێرەی ئاژانسەكە، ناوەندەكە شوێنی مانەوەی هەزاران کارمەندی سەربازی و سیستەمی فەرماندەیی دیجیتاڵی و ئۆپەراسیۆنە ئەلیکترۆنییەکانی سوپای ئیسرائیلە.
میدیاکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوەش کردووە، نەخۆشخانەی سۆرۆکا بە تەواوی چۆڵ کراوە، چونکە مەترسیی داڕمانی تەواوەتی لەسەرە.
سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت.
ئێرانیش لە وەڵامی ئەو هێرشانە، ڕۆژانە بە هەڵدانی دەیان مووشەک بۆ نێو تەلئەڤیڤی پایتەخت و پارێزگاکانی دیکە، وەڵامی ئیسرائیلی دەداتەوە.