فەرماندەی هێزی وشکانیی سوپای پاسداران لە پۆستەکەی دوور خرایەوە

لیوای پاسدار محەممەد کەرەمی
لیوای پاسدار محەممەد کەرەمی

لیوا محەممەد پاکپوور دوای هەفتەیەک لە دەستبەکاربوونی، بە فەرمانی خامنەیی لە ئەرکی فەرماندەی هێزی وشکانیی سوپای پاسدارانی ئێران دوور خرایەوە و بەرپرسیارێتییەکە بە فەرماندەیەکی دیکەی پاسداران درا.

پێنجشەممە، 19ـی حوزەیران 2025، ئاژانسی هەواڵی میهر، بڵاوی کردووەتەوە، بە فەرمانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵا و فەرماندەی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لیوا محەممەد کەرەمی، لە جێی لیوا محەممەد پاکپوور، کرا بە فەرماندەی هێزی وشکانیی سوپای پاسداران.

خامنەیی لە فەرمانەکەیدا ئاماژەی داوە، بە لەبەرچاو گرتنی توانا و ئەزموونی شایستەی کەرەمی، بەرپرسیارێتی فەرماندەی هێزی وشکانیی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامیی ئێرانی پێ سپاردووە.

هەر چەندە هۆی لادانی محەممەد پاکپوور لەم بەرپرسیارێتییە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام خامنەیی هەر لە پەیامەکەیدا دەستخۆشیی لە لیوا پاکپوور کردووە لەو ماوەیەی بەرپرسیارێتییەکانی لە ئەستۆدا بووە.

هەینی ڕابردوو، 13ی ئەم مانگە دوای کوژرانی حوسێن سەلامی، فەرماندەی هێزی وشکانیی سوپای پاسدارانی ئێران لە یەکەم هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بە فەرمانی خامنەیی، لیوا محەممەد پاکپوور بەرپرسیارێتی فەرماندەی هێزی وشکانیی سوپای پاسدارانی پێ درا، بەڵام دوای هەفتەیەک لە پۆستەکە دوور خرایەوە.