وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی تورکیا دەکات
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایدەگەیەنێت، وەزیری دەرەوەی ئێران بە مەبەستی بەشداریی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی، سەردانی ئیستانبوڵ دەکات.
پێنجشەممە، 19-06-2025، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بەشداریی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی، لەو وڵاتە دەکات.
بڕیارە کۆبوونەوەکە، ڕۆژانی 21-22ـی ئەم مانگە لە ئیستانبوڵ بەڕێوە بچێت. بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ هاکان فیدان، هاوتا تورکییەکەی کۆ دەبێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا باسی لەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکرێت.
ئاژانسی تەسنیمی ئێرانیش هەمان هەواڵی پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام تا ئێستا وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە شێوەیەکی فەرمی بەشداریکردنی عێراقچی لەو کۆبوونەوەیەدا ڕانەگەیاندووە.
ئەمە دەبێتە یەکەم سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ دەرەوەی وڵات لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و وڵاتەکەی.
سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت.
ئێرانیش لە وەڵامی ئەو هێرشانە، ڕۆژانە بە هەڵدانی دەیان مووشەک بۆ نێو تەلئەڤیڤی پایتەخت و پارێزگاکانی دیکە، وەڵامی ئیسرائیلی دەداتەوە.