هاووڵاتییانی ئەورووپی لە ئیسرائیل لەڕێگەی میسرەوە دەگەڕێنەوە وڵاتەکانیان

لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، میسر چەندین داواکاری لە وڵاتانی ئەووروپی و ئاسیاییەوە پێگەیشتووە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی سنووری میسرەوە هاووڵاتییانیان لە ئیسرائیل بگوازنەوە بۆ وڵاتەکانیان.

پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025، ماڵپەڕی سکای نیوز لەزاری چەند سەرچاوەیەک بڵاویکردووەتەوە، پۆڵەندا، کۆماری چیک، ڕۆمانیا، هەنگاریا، ئیتاڵیا، سلۆڤینیا، سربیا، ڤێتنام، چین، هیندستان و فلیپین پەیوەندییان بە میسرەوە کردووە بۆ هەماهەنگی کردن بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییان لە ئیسرائیل.

ئەو سەرچاوانە ڕوونیان کردەوە، پلانی گواستنەوەی ئەو هاووڵاتییە بیانییانەی کە لە شارەکانی ئیسرائیلەوە دەگەن لە دەروازەی سنووری تەبە لە نێوان میسر و ئیسرائیل، لەوێشەوە لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شەرم شێخەوە دەگوازرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان.

یورای بلانار، وەزیری دەرەوەی سلۆڤاکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سوپاسی هاوتا میسرییەکەی بەدر عەبدولعاتی کرد، کە ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی هاووڵاتیانی سلۆڤاکیا لە ئیسرائیلەوە بۆ میسر و گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکەی کردووە.

بەرپرسانی چیک و سلۆڤاکیا ڕایانگەیاند، بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران، 181 هاووڵاتی خۆیان لە ئیسرائیلەوە گەڕاندووەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە، سێشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2025، چیک بە فڕۆکەی حکوومی 66 هاووڵاتی وڵاتەکەی لە ئیسرائیلەوە گەڕاندووەتەوە، هەروەها سلۆڤاکیاش 73 هاووڵاتی خۆی لەڕێگەی عوممانەوە گەڕاندووەتەوە شاری براتیسلاڤای وڵاتەکەی.