ئیسرائیل: 271 هاووڵاتیمان له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌كانی ئه‌مڕۆی ئێران بریندار بوون

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی ئیسرائیل ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌كانی چه‌ند كاتژمێری ڕابردووی ئێران بۆ سه‌ر شاره‌كانیان، زیاتر له‌ 270 هاووڵاتیی ئیسرائیلی بریندار بوونه‌.

پێنجشه‌ممه‌، 19ـی حوزه‌یرانی 2025، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی ئیسرائیل ڕایگه‌یاند، 271 هاووڵاتیی ئیسرائیلی له‌ چه‌ند كاتژمێری ڕابردوودا له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر شاره‌كانیان، بریندار بوونه‌ و گه‌یاندراونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌كان. 

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی ئیسرائیل گوتووشیه‌تی، چوار بریندار برینه‌كانیان سه‌خته‌ و 16ـی دیكه‌یان دۆخی ته‌ندروستیان مامناوه‌ندیییه‌ و ئه‌وانی دیكه‌یان برینه‌كانیان سووكه‌.

پێنجشه‌ممه‌، 19ـی حوزه‌یرانی 2025، ئێران شه‌پۆلێكی دیكه‌ی هێرشی مووشه‌كی ئاراسته‌ی ئیسرائیل كرده‌وه‌، له‌ لای خۆیه‌وه‌ سوپای ئیسرائیل هێرشه‌كه‌ی پشتڕاست كرده‌وه‌ و له‌ ته‌لئه‌ڤیڤ و حه‌یفا و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی ئیسرائیلیش زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه‌ لێ درا.

سوپای پاسدارانی ئێران له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ڕایگه‌یاندووه‌، له‌و شه‌پۆله‌ی هێرشه‌كانی ئه‌مڕۆدا، چه‌ند ئامانجێكی سه‌ربازی و پیشه‌سازیی سه‌ربازیی له‌ حه‌یفا و ته‌لئه‌ڤیڤ به‌ ئامانج كراون.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.