ئوسترالیا کاروباری باڵیۆزخانەکەی لە تاران هەڵپەسارد

باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە تاران
باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە تاران

ئوسترالیا وێڕای هەڵپەساردنی کاروباری باڵیۆزخانەکەی لە تاران، داواش لە هاووڵاتییانی دەکات ئێران جێبهێڵن.

پێنجشەممە 19ـی حوزەیرانی 2025، پێنی وۆنگ، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا ڕایگەیاند، بەهۆی بەردەوامیی جەنگی ئێران و ئیسرائیل و تێکچوونی دۆخی ئێران، تاوەکو کاتێکی نادیار کاروباری باڵیۆزخانەکەیان لە تاران هەڵپەساردووە.

هاوکات داواش لە هاووڵاتییانی ئوسترالیا دەکات ئێران جێبهێڵن. پێنی وۆنگ، ئاماژەی بەوە دا، بە مەبەستی هاوکاریکردنی کاروباری حکوومەتی ئوسترالیا لە تاران، باڵیۆزی وڵاتەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەمێنێتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا ئاشکرای کرد، ستافێکیان ڕاسپاردووە هاوکاریی هاووڵاتییانیان بکەن و لە ڕێگەی ئازەربایجانەوە بیانگەڕێننەوە.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.

 
Fly Erbil Advertisment