لەبارەی پەیوەندی تەلەفۆنیی عراقچی و ویتکۆف ڕوونکردنەوە دەدرێت
ئاژانسی هەواڵی فارس، بە پشت بەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار، رەتی کردەوە عراقچی و ویتکۆف، لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، چەند جارێک بە تەلەفۆن قسەیان کردبێت.
بەرەبەیانی هەینی 20ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی فارس، بە پشت بەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردەوە، هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا نەکراوە.
ئاژانسی فارس، دووپاتی کردەوە، ئەو هەواڵەی پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان عراقچی و ویتکۆف، کە لە لایەن ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزەوە بڵاوکرابووەوە، بێ بنەمایە و دوورە لە ڕاستییەوە.
پێنجشەممە 19ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، لەسەر زاری سێ دیپلۆماتکار بڵاوی کردبووەوە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، چەند جارێک بە تەلەفۆن قسەیان لەگەڵ یەکدی کردووە و باسیان لە پێشنیازێکی ئەمەریکا کردووە کە مانگی ڕابردوو پێشکەشی تارانی کردبوو.
تا ئێستا پێنج گەڕی دانوستانی ئەتۆمی لەنێوان شاندەکانی ئەمەریکا و ئێران بەڕێوە چووە، لە کاتێکدا بڕیاڕ بوو یەکشەمەی ڕابردوو 15ـی حوزەیرانی 2025، گەڕی شەشەمی دانوستان لە نێوانیاندا بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، وڵاتەکە بەشداریکردنی لە دانوستانە ئەتۆمییەکە هەڵپەسارد.