جۆرە مووشەکێکی نوێی ئێران، ئیسرائیلی نیگەران کردووە

ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: یەکێک لە مووشکە نوێیەکانی ئێران ، کە دوێنێ کاتی بەیانییەکەی ئاراستەی تەلئەڤیڤی کرد، جیاواز بوو لەوانەی ڕابردوو، چونکە هەر کاتێک دەتەقییەوە بە چەندین شوێندا بڵاو دەبوویەوە و زیانەکانی زۆر بوون.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 20ـی حوزەیرانی 2025، ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل، لە زاری دوو سەرچاوەی ئەمنی بڵاوی کردەوە، ئەو جۆرە مووشەکە نوێیەی ئێران، کە دوێنێ کاتی بەیانییەکەی ئاراستەی تەلئەڤیڤی کرد، پێکهاتەیەکی جیاوازی هەبوو، هەر مووشەکێک لە چەند مووشەکێکی بچووکتر پێکهاتبوو، لەکاتی تەقەینەوەیدا بە چەندین شوێندا بڵاو دەبوونەوە و زیانی زۆریان بە ئامانجەکان دەگەیاند.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ، فەرماندەی بەرەی ناوخۆیی ئیسرائیل ڕایگەیاند: ئێران بە 25 مووشەک و درۆن شەپۆلێکی نوێی هێرشی ئاسمانی  کردە سەر تەلئەڤیڤ و حەیفا.

لای خۆیەوە کەناڵی 12ـی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، مووشەکەکانی ئێران بە ئاراستەی شوێنە سەربازییەکانی تەلئەڤیڤ و حەیفای هاوژێرابوون. هاوکات بەهۆیەوە باڵەخانەیەک لە باشووری ئیسرائیل داڕما و تێیدا سێ کەس گیانیان سپارد و نزیکەی 70ـی دیکەش بریندار بوون.

ئیسرائیل بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران وەک هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر وڵاتەکەی دەبینێت و، هەوڵ دەدات ڕێگری لە تاران بکات لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، چ لە ڕێگەی گەمارۆکان، چ لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییە سەربازییەکانەوە.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زاناکانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی بە سەدان مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر  تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون.