سوپاسالاری ئیسرائیل: ئامادەکاری بۆ جەنگێکی درێژخایەن دەکەین

ئیال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل
ئیال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل

سوپاسالاری ئیسرائیل، دەڵێت: خۆمان بۆ هێرشی بەرفراوان بۆ نەهێشتنی هەڕەشە لە چەند بەرەیەکدا ئامادە دەکەین.

هەینی 20ـی حوزەیرانی 2025، ئیال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل، گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا، خۆیان بۆ پێشهات و ئەگەری جیاواز ئامادە دەکەن رۆژانی سەخت لەپێش وڵاتەکەیانە.

هەروەها بە ئاماژەدان بە هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران دەڵێت: دەستمان بە ئاڵۆزترین هێرشی مێژووی خۆمان بۆ نەهێشتنی هەڕەشەیەک بەم قەبارەو لەگەڵ ئێران کردووە و بۆ هێرشی درێژخایەن ئامادەین.

سوپاسالاری ئیسرائیل، گوتیشی: لە دوو ساڵدا ئێران هەشت هەزار مووشەکی دروست کردووە، بەڵام زیانێکی بێ وێنەمان بە سەکۆی هەڵدانی مووشەک و ئامانجە ئەتۆمییەکان گەیاندووە و بەگوێرەی پلانێکی رێکخراو و نەرم و گونجاو پلانی هێرشەکان دادەڕێژن.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.