ترەمپ لەبارەی جەنگی ئیسرائیل و ئێران: دەبێت یەکێکیان بدۆڕێت
سەرۆکی ئەمەریکا، دووپاتی کردەوە، ئێران نایەوێت گفتوگۆ لەگەڵ ئەورووپا بکات، چونکە ئەورووپا هیچی پێناکرێت و ئێمە پێمان دەکرێت.
هەینی 20ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: ئەستەمە بتوانم داوا لە ئیسرائیل بکەم هێرشەکانی بۆ سەر ئێران ڕابگرێت، هەر دەبێت یەکێکیان بیباتەوە و یەکێکیش بیدۆڕێنێت.
سەرۆکی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوە دا، با بزانین لە دوو هەفتەی داهاتوو چی ڕوودەدات، هەروەها ئێران نایەوێت گفتوگۆ لەگەڵ ئەورووپا بکات، چونکە ئەورووپا هیچی پێناکرێت و ئێمە پێمان دەکرێت.
لەبارەی چەکی ئەتۆمییەوە، ئاشکرای کرد، نابێت چەکی ئەتۆمی هەبێت لە ناوچەکە، ئێران بەو کەرستانەی لەژێر دەستێتی ماوەیەکی کەمی ماوە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئێمە ڕێگە بەو کارە نادەین بە هیچ جۆرێک.
باسی لەوەش کرد، ئیسرائیل لە جەنگەکە هەنگاوی زۆر باشی ناوە و دەزانێت چی دەکات، ئەستمە بتوانین ڕایگرین و ئاگربەست ڕابگەینین، هەر چەندە من زۆر جەنگم ڕاگرتووە.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.