فاینانشیاڵ تایمز: ئێران مەرجی گەڕانەوەی بۆ دانوستان، ڕاگرتنی شەڕە

ڕۆژنامەی 'فاینانشیاڵ تایمز'ـی بەریتانی، بڵاوی کردووەتەوە، ئێران مەرجێکی بۆ گەڕانەوە بۆ دانوستانەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی داناوە، ئەویش ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیلە.

ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی بەریتانیاوە ڕایگەیاندووە، کە وەزیری دەرەوەی بەریتانی ڕایگەیاندووە، "دەستوەردانەکانی واشنتن لە دانوستانەکانی ئەورووپا لەگەڵ تاران پلانی بۆ دانراوە" بۆیە داوای لە ئێرانییەکان کردووە کە بە جددی وەریبگرن.

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ لە جنێڤ گوتی: بەرنامەی ئەتۆمی تاران "ئاشتیانە"یە و کەوتۆتە ژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.