پوتن: دوو کورەی دیکەی ئەتۆمی لە بوشەهری ئێران دروست دەکەین
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی گرێبەستی لەگەڵ ئێران ئیمزا کردووە، بۆ دروستکردنی دوو کورەی ئەتۆمی دیکە لە شاری بوشەهر، جگە لەو کورانەی ئێستا کاردەکەن.
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری لە سانت پترسبۆرگ گوتی: "سەرەڕای مەترسیی دۆخی ئەمنی، کارکردن لە بوشەهر بەردەوامە."
پوتن ئاماژەی بەوەش دا، ئێمە کارمەندەکانمان لە بوشەهر ناگوازینەوە، ژمارەی ئەو ڕووسانەی لەوێ کاردەکەن نزیکەی 600 کەسن."
پوتن ڕوونیشی کردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕەزامەندی لەسەر گەرەنتی سەلامەتبوونی کرێکارانی ئەو دامەزراوەیەی دەربڕیووە.
گوتیشی: هەڵوێستی ڕووسیا لەو بارەیەوە نەگۆڕاوە و ئێمە بەرگری لە مافی ئێران دەکەین بۆ بەکارهێنانی ئاشتیانەی وزەی ئەتۆمی.
ڕووسیا لەم دواییانەدا هۆشداری دا لە دەستوەردانی سەربازی ئەمەریکا لە ململانێکان داو ڕایگەیاند، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر دامەزراوەی بوشەهر، کارەساتی ئەتۆمی ڕوودەدات. هەروەها داوای وەستاندنی شەڕ و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان دەکات.