ئێران هێرشی مووشەکی کردە سەر تەلئەڤیڤ

کاتژمێر  2:40 خولەکی بەرەبەیانی شەممە، 21ـی حوزەیرانی 2025، هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێ کرد.

بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، ئێران بە پێنج مووشەک هێرشی کردە سەر تەلئەڤیڤ، بەڵام لەلایەن سیستەمی بەرگری خرانە خوارەوە. هاوکات لە کاتی هێرشە مووشەکیەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا، هەروەها ئیسرائیل داوای لە هاووڵاتیانی کرد بچنە پەناگەکان و خۆیان حەشار بدەن.

سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "هەموو ئەو مووشەکانەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، کە لەلایەن ئێرانەوە هەڵدرابوون، ڕێگرییان لێکراوە، تەنیا پارچەکانی مووشەکەکان کەوتوونەتە خوارەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، مووشەکەکانی ئێران بوونەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە ناوچەی غوش دان.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.