ئاماری جیاواز لەبارەی قوربانیانی ئێران بڵاو دەکرێتەوە

ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ کە بنکەکەی لە ئەمەریکایە، ڕایگەیاند، لانیکەم 657 کەس، لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کوژراون، کە خەڵکی سڤیل و کارمەندانی سەربازیی تێدایە.

ئاژانسی هەواڵی چالاکوانانی مافی مرۆڤ (هەرانا) بڵاوی کردەوە، لەدوای دەست پێ کردنی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران لە 13ـی حوزەیران، لانیکەم 263 هاووڵاتی مەدەنی لە سەرانسەری ئێران کوژراون.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لەنێو کوژراوەکاندا 20 منداڵ هەن کە ناسنامەکانیان پشتڕاستکراوەتەوە کە زۆربەیان لە تارانن. دەشڵێت، 164 سەربازیش کوژراون.

ڕێکخراوەکە ڕوونیشی کردووەتەوە، تا سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی 20ـی حوزەیران، ژمارەی برینداران دوو هەزار کەسی مەدەنی و سەربازیی تێپەڕاندووە.

ڕێکخراوی هەرانا، ئاماژەی بەوە کردووە، ئیسرائیل لە کۆی 31 پارێزگای ئێران، هێرشی کردووەتە سەر 21 پارێزگا.

ئەمە لەکاتێکدایە وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاندووە، لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، 400 کەس کوژراون و سێ هەزار کەسیش بریندار بوون.