ڤانس: ترەمپ لە بڕیاری تایبەت بە ئێران، ڕەچاوی بەرژوەندیی نەتەوەیی ئەمەریکا دەکات

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ترەمپ لە بڕیاری تایبەت بە ئێران، بەرژوەندیی نەتەوەیی ئەمەریکا لەبەرچاو دەگرێت.

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە دیدارێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز لەبارەی ئەگەری بەشداریی وڵاتەکەی لە شەڕی ئێران و ئیسرائیل، ڕایگەیاند "سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لە بڕیاری تایبەت بە ئێران، بەرژوەندیی نەتەوەیی ئەمەریکا لەبەرچاو دەگرێت. بەرژوەندی نەتەوەیی ئەمەریکا لەوەدایە، ئێران نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد "تا ئەوکاتەی هیوای دیپلۆماسی هەبێت دۆناڵد ترەمپ کراوەیە بۆ دیپلۆماسی، بەڵام کاتێک بزانین دانوستان سوودی نییە، ئەوکات چی پێویست بێت بۆ لەناوبردنی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران، دەیکەین."

بـــە گوتەی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا "تەنها دۆناڵد ترەمپ خۆی دەزانێت کەی و لەکوێ هێزی سەربازی دژی ئێران بەکاردەهێنێت."

دوێنێ هەینی، 20-06-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێران چەند هەفتەیەک لە دەستخستنی چەکی ئەتۆمی دوور بوو، بۆیە ئیسرائیل بڕیاری دا گورزی سەربازی لێی بدات. 

ترەمپ ستایشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئیسرائیلی کرد و گوتی: "ئیسرائیل لە ڕووی سەربازییەوە کارێکی باش دەکات؛ قورسە داوای لێ بکەم هێرشەکانی سەر ئێران ڕابگرێت. ناتوانم هیچ بڕیارێک لەسەر ئێران بدەم ئێستا و هیچ ڕێگەیەکم لێ دیار نییە ئەو شەڕکردنە ڕابگرم."

ئەمە لە کاتێکدایە، شەڕی ئێران و ئیسرائیل چووەتە هەفتەی دووەمەوە و ڕۆژانە هەردوولا بۆمبارانی یەکدی دەکەن. 

بەپێی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل، تاوەکو ئێستا لانیکەم 25 کەس لە ئیسرائیل کوژراون. لە بەرامبەردا، بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا، لانیکەم 430 کەس کوژراون و زیاتر لە 3500 کەسی دیکەش بریندار بوون.