وۆڵستریت جۆرناڵ: ئەمەریکا ڕاستەوخۆ بەشدارە لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئێران بۆسەر ئیسرائیل
ڕۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵی ئەمەریکی ئاشکرای کردووە، ئەمەریکا ڕاستەوخۆ بەشدارە لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئێران بۆسەر ئیسرائیل، ئەوەش لە ڕێگەی پێدانی مووشەکی بەرگرییەوە.
ئەو ڕۆژنامە ئەمەریکییە ئاماژەی بەوەش داوە، لە کاتێکدا هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل توند دەبنەوە، ئەمەریکا کەشتی سەربازی دیکەی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، تا هاوکاریی ئیسرائیل بکەن لە بەرپەرچدانەوەی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران.
چاوەڕێش دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا ئەمریکا سێ کەشتی فڕۆکەهەڵگر لە ئاوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست جێگیردەکات ئەوانیش؛ یو ئێس ئێس کارڵ ڤینسن، یو ئێس ئێس نیمیتیز و یو ئێس ئێس فۆرد.
دوێنێ هەینی، 20-06-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێران چەند هەفتەیەک لە دەستخستنی چەکی ئەتۆمی دوور بوو، بۆیە ئیسرائیل بڕیاری دا گورزی سەربازی لێی بدات.
ترەمپ ستایشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئیسرائیلی کرد و گوتی: "ئیسرائیل لە ڕووی سەربازییەوە کارێکی باش دەکات؛ قورسە داوای لێ بکەم هێرشەکانی سەر ئێران ڕابگرێت. ناتوانم هیچ بڕیارێک لەسەر ئێران بدەم ئێستا و هیچ ڕێگەیەکم لێ دیار نییە ئەو شەڕکردنە ڕابگرم."
ئەمە لە کاتێکدایە، شەڕی ئێران و ئیسرائیل چووەتە هەفتەی دووەمەوە و ڕۆژانە هەردوولا بۆمبارانی یەکدی دەکەن.
بەپێی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل، تاوەکو ئێستا لانیکەم 25 کەس لە ئیسرائیل کوژراون. لە بەرامبەردا، بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا، لانیکەم 430 کەس کوژراون و زیاتر لە 3500 کەسی دیکەش بریندار بوون.