وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە تورکیا و ژمارەیەک کۆبوونەوە دەکات

وەزیری دەرەوەی ئێران بەشداریی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی دەکات و دەڵێت: لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیاش کۆ دەبمەوە. 

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 21-06-2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانی لە جنێڤی پایتەختی سویسرا، بۆ بەشداریی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی، گەیشتە ئیستانبوڵ. 

عێراقچی ، لەبارەی بەشداریی لەو کۆبوونەوەیدا ڕایگەیاند، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی هێرشە ناڕەواکانی ئیسرائیل دەبێت بۆ سەر ئێران و "هیوادارین ڕاگەیەنراوێکی تووند و یەکلاکەرەوە بۆ سەرکۆنەکردنی ئەم دەستدرێژییە دەربکرێت."

وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کرد، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ ئیستانبوڵ، بەجیا لەگەڵ وەزیرانی بەشدار لە کۆبوونەوەکە و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆ دەبێتەوە. 

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینی، 20-06-2025، وەزیری دەرەوەی ئێران لە جنێڤ، لەگەڵ نوێنەر و وەزیرانی دەرەوەی  ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا و بەرپرسی سیاسەتی یەکێتیی دەرەوەی ئەورووپا کۆ بووەوە. 

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لەسەر مافی وڵاتەکەی بۆ "بەرگریکردن لە خۆی" کردەوە و ئاماژەی بەوە دا: "بەردەوام دەبین لە پەیڕەوکردنی مافی رەوامان لە بەرگریکردن لە خۆمان." 

ئەمە لە کاتێکدایە، شەڕی ئێران و ئیسرائیل چووەتە هەفتەی دووەمەوە و ڕۆژانە هەردوولا بۆمبارانی یەکدی دەکەن.

بەپێی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل، تاوەکو ئێستا لانیکەم 25 کەس لە ئیسرائیل کوژراون. لە بەرامبەردا، بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا، لانیکەم 430 کەس کوژراون و زیاتر لە 3500 کەسی دیکەش بریندار بوون.