وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاماری قوربانییانی جەنگی بڵاو کردەوە
وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماری قوربانییانی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر وڵاتەکە بڵاو کردەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە کە ئەمڕۆ شەممە، 21-06-2025، بڵاو کراوەتەوە، لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، 430 کەس کوژراون و زیاتر لە 3500 کەسی دیکەش بریندار بوون؛ کە زۆرینەیان هاووڵاتیی سڤیلن.
وەزارەتی تەندروستیی ئێران باسی لەوەش کردووە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگەکە، ئیسرائیل چەندان جار بە مەبەست ژمارەیەک نەخۆشخانەی ئەو وڵاتەی بۆمباران کردووە، ئەمەش وایکردووە، زیانێکی زۆریان بەربکەوێت و لە کار بکەون.
لە بەرانبەردا بە گوێرەی دەستەی فریاگوزاریی ئیسرائیل، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، لانیکەم 25 کەس کوژراون و نزیکەی 800 کەسی دیکەش بریندار بوون. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن: ئێران بە مەبەست یەکەکانی نیشتەجێبوون و هاووڵاتییانی سڤیل بۆمباران دەکات.
سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت.
ئێرانیش لە وەڵامی ئەو هێرشانە، ڕۆژانە بە هەڵدانی دەیان مووشەک بۆ نێو تەلئەڤیڤی پایتەخت و پارێزگاکانی دیکە، وەڵامی ئیسرائیلی دەداتەوە.