بەرپرسێکی ئێرانی بۆ سی ئێن ئێن: سیاسەتی هەڵدانی مووشەکمان گۆڕیوە

بەرپرسێکی ئێرانی ئاماژە بەوە دەدات، سیاسەتی هەڵدانی مووشەکیان بەرەو ئیسرائیل گۆڕیوە و لەمەودوا پێویست ناکات زۆر مووشەک ئاراستە بکەن. 

شەممە، 21-06-2025، بەرپرسێکی باڵای ئێرانی کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە کەناڵی "سی ئێن ئێن"ـی ئەمەریکی ڕاگەیاند، سوپای پاسدران بەم دواییانە گۆڕانی لە سیاسەتی هەڵدانی مووشەکی بەرەو ئیسرائیل کردووە و چەندایەتی بە کوالیتی گۆڕیوەتەوە. 

ئەو بەرپرسە باڵا ئێرانییە دەڵێت: "ئێستا لە جیاتی ئەوەی ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆری مووشەک بهاوێژینە ئیسرائیل، ژمارەیەکی کەمی مووشەکی کوالیتیی بەرز بۆ بە ئامانجگرتنی شوێنی ستراتیجی بەکار دەهێنین. ئەمە لە ڕووی سەربازییەوە زۆر باشترە."

ئیڤی دیڤرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگ، ئێران زیاتر لە 450 مووشەکی بالیستی و سەدان فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن)ـی ئاراستەی تەلئەڤیڤی پایتەخت و چەندان شوێنی دیکەی ئیسرائیل کردووە. 

 بە گوێرەی دەستەی فریاگوزاریی ئیسرائیل، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، لانیکەم 25 کەس کوژراون و نزیکەی 800 کەسی دیکەش بریندار بوون. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن: ئێران بە مەبەست یەکەکانی نیشتەجێبوون و هاووڵاتییانی سڤیل بۆمباران دەکات.  

سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و  چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت. 

ئێرانیش لە وەڵامی ئەو هێرشانە، ڕۆژانە بە هەڵدانی دەیان مووشەک بۆ نێو تەلئەڤیڤی پایتەخت و پارێزگاکانی دیکە، وەڵامی ئیسرائیلی دەداتەوە