میدیاکانی ئیسرائیل: درۆنێکی ئێرانی بەر بە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون کەوت
میدیاکانی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنن، ئێران ژمارەیەک درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و یەکێکیان بەر بە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون کەوتووە.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە، لە بەیانیی ئەمڕۆ شەممەوە، 21-06-2025، ئێران زیاتر لە 12 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن)ـی ئاراستەی چەند ناوچەیەکی جیاوازی ئیسرائیلی کردووە و زۆرینەیان لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە تێک شکێنراون.
بە گوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، یەکێک لە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان سیستەمی بەرگریی تێ پەڕاندووە و بەر بە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری بیسانی ڕۆژهەڵاتی قودس کەوتووە و تا ئێستا زیانە گیانییەکانی نەزانراون.
دوێنێ هەینیش، 20-06-2025، ئێران زیاتر لە 25 مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، ژمارەیەکیان لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی ئەو وڵاتە کەوتنە خوارەوە و بەهۆیەوە لانیکەم 30 کەس بریندار بوون.
بە گوێرەی دەستەی فریاگوزاریی ئیسرائیل، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، لانیکەم 25 کەس کوژراون و نزیکەی 800 کەسی دیکەش بریندار بوون. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن: ئێران بە مەبەست یەکەکانی نیشتەجێبوون و هاووڵاتییانی سڤیل بۆمباران دەکات.
ئیڤی دیڤرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگ، ئێران زیاتر لە 450 مووشەکی بالیستی و سەدان فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن)ـی ئاراستەی تەلئەڤیڤی پایتەخت و چەندان شوێنی دیکەی ئیسرائیل کردووە.
سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت.
ئێرانیش لە وەڵامی ئەو هێرشانە، ڕۆژانە بە هەڵدانی دەیان مووشەک بۆ نێو تەلئەڤیڤی پایتەخت و پارێزگاکانی دیکە، وەڵامی ئیسرائیلی دەداتەوە