میدیای ئێرانی: زانایەکی دیکەی ئەتۆمی کوژرا
میدیای ئێرانی کوژرانی 14ـەمین زانای ئەتۆمی لــە لایەن ئیسرائیلەوە ڕاگەیاند.
شەممە، 21-06-2025، ئاژانسی هەواڵی "مێهر"ـی ئێرانی ڕاگەیاند، ئەیسار تەباتەبایی، زانای ئەتۆمی ئێرانی لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکیی ئیسرائیلی کوژرا.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، ئەو زانا ئەتۆمییە لە ماڵەکەیدا بووە کاتێک کراوەتە ئامانج و هاوژینەکەشی لەگەڵی کوژراە.
ئەمە 14ـەمین زانای ئەتۆمییە لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، لە 13ـی ئەم مانگەوە دەکوژرێت.
جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، بە کوشتنی زانای ئەتۆمی و گەورە فەرماندە سەربازییەکانی ئێران، تواناکانی ئەو وڵاتە بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، دوو بۆ سێ ساڵ بەرەوە دواوە ببەن و هێرشە ئاسمانییەکانیان، ئەنجامی زۆرباشیان هەبووە.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل باسی لەوەش کرد، ئەو زانا ئەتۆمییانەی کوژراون، کاریان لەسەر دروستکردنی چەکی ئەتۆمییان بۆ دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێران دەکرد.
سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت.
ئێرانیش لە وەڵامی ئەو هێرشانە، ڕۆژانە بە هەڵدانی دەیان مووشەک بۆ نێو تەلئەڤیڤی پایتەخت و پارێزگاکانی دیکە، وەڵامی ئیسرائیلی دەداتەوە