وەزیری دەرەوەی تورکیا: شەڕی ئێران و ئیسرائیل ڕانەگیرێت، وڵاتانی دیکەش دەگرێتەوە

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا

وەزیری دەرەوەی تورکیا هۆشداری لە پەرەسەندنی شەڕی ئێران و ئیسرائیل دەدات و دەڵێت: ڕانەگیرێت، وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش دەگرێتەوە. دووپاتیشی دەکاتەوە: تورکیا هەوڵەکانی دابەشکردنی ناوچەکە ڕەت دەکاتەوە.

شەممە، 21-06-2025، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە 51ـەمین خولی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە ئیستانبوڵ، گوتارێکی پێشکەش کرد و باسی لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران کرد. 

وەزیری دەرەوەی تورکیا لە گوتارەکەیدا جەختی لە پشتیوانیی وڵاتانی ئیسلام بۆ ئێران کردەوە و دووپاتی کردەوە "ئیسرائیل بووەتە کێشەی ناوچەکە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رۆڵی خۆی بگێڕێت."

هاکان فیدان ئاماژەی بەوەش دا "هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران لە کاتێکدا بوو کە دانوستانە ئەتۆمییەکان بەردەوامییان هەبوو، ئێمە ئەمە ڕەت دەکەینەوە. ئەم ئاڵۆزییە پەرەدەسێنێت بۆ وڵاتانی دیکە، پێویستە بە زووترین کات کۆتایی پێبێت."

وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەشی خستە ڕوو، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە هەموو هەوڵێک بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و گرژی و ئاڵۆزییەکان دەدات. دووپاتیشی کردەوە، تورکیا هەوڵەکانی دابەشکردنی ناوچەکە ڕەت دەکاتەوە.

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 21-06-2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانی لە جنێڤی پایتەختی سویسرا، بۆ بەشداریی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی، گەیشتە ئیستانبوڵ. 

عێراقچی ، لەبارەی بەشداریی لەو کۆبوونەوەیدا ڕایگەیاند، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی هێرشە ناڕەواکانی ئیسرائیل دەبێت بۆ سەر ئێران و "هیوادارین ڕاگەیەنراوێکی تووند و یەکلاکەرەوە بۆ سەرکۆنەکردنی ئەم دەستدرێژییە دەربکرێت."

وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کرد، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ ئیستانبوڵ، بەجیا لەگەڵ وەزیرانی بەشدار لە کۆبوونەوەکە و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆ دەبێتەوە.

سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و  چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت. 

ئێرانیش لە وەڵامی ئەو هێرشانە، ڕۆژانە بە هەڵدانی دەیان مووشەک بۆ نێو تەلئەڤیڤی پایتەخت و پارێزگاکانی دیکە، وەڵامی ئیسرائیلی دەداتەوە.