ئەردۆغان: ئیسرائیل و ژمارەیەک وڵات هەوڵی دابەشکردنی ناوچەکە دەدەن

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا (وێنە: AA)
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا (وێنە: AA)

سەرۆک کۆماری تورکیا  سەرکۆنەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکات و دەڵێت: ئیسرائیل بە پاڵپشتی ژمارەیەک وڵات هەوڵی دابەشکردنی ناوچەکە دەدات.

شەممە، 21-06-2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە 51ـەمین خولی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە ئیستانبوڵ، گوتارێکی پێشکەش کرد و باسی لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران و چەند پرسێکی دیکەی کرد.  

سەرۆک کۆماری تورکیا لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، گوتی: "بە پشتیوانیی فراوانی ڕۆژئاوا ئیسرائیل بەردەوامە لە ناسەقامگریکردنی ناوچەکەمان. هێرشیان کردە سەر غەززە و کردیان بەوێرانە بە بەرچاوی جیهانەوە. سووریا و لوبنان و یەمەنیشی بۆمباران کردووە. ئیسرائیل هاوکاریی هەندێک گرووپ دەکات لە سووریا و دەیەوێت ئەو وڵاتە لاواز بکات، ئێستاش پەلاماری ئێران بدات. ئیسرائیل گەورەترین بەربەستی ئاشتیی ناوچەکەیە."

سەرۆک کۆماری تورکیا دووپاتی کردەوە "بە توندی هێرشی دەوڵەتی تیرۆریستی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران سەرکۆنە دەکەین. ئێران ئەزموونی بەهێزی هەیە و لەم قۆناغەشدا پشت بەخوا سەرەکەوتوو دەبێت. ئەو ڕێکارانەی ئێران دژی ئیسرائیل گرتووەیەتیە بەر ئاسایی و مافی خۆیەتی، هەروها یاسایین."

ئەردۆغان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "ئیسرائیل خۆی ڕێگە نادات کەس چاودێریی چالاکییە ئەتۆمییەکانی بکات؛ ئەمەش گەورەترین دووڕووییە، ڕوونە ئیسرائیل نایەوێت دیپلۆماسییەت کاری خۆی بکات."

سەرۆک کۆماری تورکیا باسی لەوەش کـرد "ئیسرائیل دەیوێت ناوچەکە ڕاکێشێتە شەڕەوە، ئەوان بە ئاشکرا بە باسی دابەشکردنی ناوچەکە دەکەن. ویستیان هەیە ناوچەکە بە نەخشەیەکی تایبەت دابەش بکەن، ئێمە ئەوە وەک پلانێکی مەتسیدار دەبینین.  ئەوانەی ئاسایشی خۆیان لەسەر هەڵگیرسانی شەڕ دادەمەزرێنن، خەون دەبینن. ئەوەی دەیانەوێت و پلانیان بۆی داناوە جێبەجی نابێت. تورکیا ڕێگە بە نەخشەیەکی نوێ بۆ سایکس-پیکۆ نادات."

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 21-06-2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانی لە جنێڤی پایتەختی سویسرا، بۆ بەشداریی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی، گەیشتە ئیستانبوڵ. 

عێراقچی ، لەبارەی بەشداریی لەو کۆبوونەوەیدا ڕایگەیاند، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی هێرشە ناڕەواکانی ئیسرائیل دەبێت بۆ سەر ئێران و "هیوادارین ڕاگەیەنراوێکی تووند و یەکلاکەرەوە بۆ سەرکۆنەکردنی ئەم دەستدرێژییە دەربکرێت."

وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کرد، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ ئیستانبوڵ، بەجیا لەگەڵ وەزیرانی بەشدار لە کۆبوونەوەکە و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆ دەبێتەوە.

سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و  چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت. 

ئێرانیش لە وەڵامی ئەو هێرشانە، ڕۆژانە بە هەڵدانی دەیان مووشەک بۆ نێو تەلئەڤیڤی پایتەخت و پارێزگاکانی دیکە، وەڵامی ئیسرائیلی دەداتەوە.