لە سەرەتای جەنگەوە ئێران زیاتر لە هەزار درۆنی گرتووەتە ئیسرائیل
شەممە، 21-06-2025، ئیڤی دیڤرین، گوتەبێژی سوپــای ئیسرائیل، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا نوێترین ئامارەکانی تایبەت بە جەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران بڵاو کردەوە.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل باسی لەوە کرد، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگەکە لە 13ـی ئەم مانگەوە، ئێران زیاتر لە هەزار فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن)ـی ئاراستە کردوون و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاکەشیان توانیویەتی زۆرینەیان تێک بشکێنێت.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل جەختی لە بەردەوامیی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران کردەوە و وەکوو خۆی گوتی "ئەم هێرشانە دەبنە هۆی لاوازکردنی لایەنی سەربازیی ئیران. ڕێگە نادەین تاران هێزی سەربازیی خۆی بۆ بگەڕێتەوە. ئێمە ئامادەیمان بۆ شەڕێکی درێژخایەن هەیە، ئامانجی زۆری دیکە ماون لە ئێران لەناویان ببەین."
دیڤرین لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "لە ئێران فەرماندەی شەهریاریمان کوشت، کە بەرپرسی گواستنەوەی چەک بوو لە سوپای قودسی سەر بە پاسداران، ئەو بەرپرسیار بوو لە گواستنەوەی چەکیش لە ئێرانەوە بۆ گرووپەکانی نزیک لەو وڵاتە لەوانەش حزبوڵلای لوبنانی. لەلایەکی دیکەوە، هێزەکانمان ئەمین پور جۆداخیان کوشت کە بەرپرسی هێزی درۆنی ئێران بوو."
وەکوو ئەوەی گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی پێ دا "شەوی ڕابردوو وێستگەی ئەتۆمیی ئەسفەهانمان بۆمباران کرد. ئەم وێستگەیە کاریگەریی گەورەی هەبوو لە پەرەپێدانی یۆرانیۆم و دروستکردنی چەک. "
سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت.
ئێرانیش لە وەڵامی ئەو هێرشانە، ڕۆژانە بە هەڵدانی دەیان مووشەک بۆ نێو تەلئەڤیڤی پایتەخت و پارێزگاکانی دیکە، وەڵامی ئیسرائیلی دەداتەوە.