ماکرۆن: فەرەنسا دانوستانەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا خێراتر دەکات

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا (ڕاست) و مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران (چەپ)
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا (ڕاست) و مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران (چەپ)

ماکرۆن و پزیشکیان جەنگی ئێران و ئیسرائیلیان تاوتوێ کرد. ماکرۆن جەخت لە خێراکردنی دانوستانەکانی ئێران و وڵاتانی ئەورووپا دەکاتەوە. 

کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئێلیزی) لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "ئەمڕۆ شەممە، 21-06-2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد."

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، سەرۆکی فەرەنسا دووپاتی کردووەتەوە، نابێت ئێران بە هیچ شێوەیەک ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و بە هاوتا ئێرانییەکەی گوتووە "پێویستە ئێران گەرەنتی بدات کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئاشتییانە بێت."

کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا باسی لەوەش کردووە، ماکرۆن بە پزیشکیانی ڕاگەیاندووە "فەرەنسا دانوستانەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا خێراتر دەکات."

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینی، 20-06-2025، وەزیری دەرەوەی ئێران لە جنێڤ، لەگەڵ نوێنەر و وەزیرانی دەرەوەی  ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا و بەرپرسی سیاسەتی یەکێتیی دەرەوەی ئەورووپا کۆ بووەوە. 

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لەسەر مافی وڵاتەکەی بۆ "بەرگریکردن لە خۆی" کردەوە و ئاماژەی بەوە دا "بەردەوام دەبین لە پەیڕەوکردنی مافی رەوامان لە بەرگریکردن لە خۆمان." 

ئەمە لە کاتێکدایە، شەڕی ئێران و ئیسرائیل چووەتە هەفتەی دووەمەوە و ڕۆژانە هەردوولا بۆمبارانی یەکدی دەکەن.

بەپێی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل، تاوەکو ئێستا لانیکەم 25 کەس لە ئیسرائیل کوژراون. لە بەرامبەردا، بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا، لانیکەم 430 کەس کوژراون و زیاتر لە 3500 کەسی دیکەش بریندار بوون.