پزیشکیان بۆ ماکرۆن: ئێران دەستبەرداری بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمی نابێت

سەرۆک کۆماری ئێران بە سەرۆک کۆماری فەرەنسای ڕاگەیاند: توانا مووشەکییەکانمان بۆ دانوستان نین، هەروەها لە هیچ دۆخێکدا ڕێگە بە کەمکردنەوەی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ سفر، نادەین.
شەممە، 21ـی حوزەیرانی 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا، بە تەلەفۆن قسەی کرد.
لە ڕاگەیەنراوی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هاتووە، پزیشکیان بە هاوتا فەرەنسییەکەی ڕاگەیاندووە، ئێران دەستبەرداری مافی بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمی نابێت، ئەویش بە پشتبەستن بە یاسا نێودەوڵەتییەکان مافی خۆیەتی ئەو کارە بکات.
جەختی لەوەش کردەوە، لە هیچ بارودۆخێکدا کەمکردنەوەی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئاستی سفر قبووڵ ناکەین. ئاماژەی بەوەش کردووە، مافەکان بە شەڕ و هەڕەشە بەدەست ناهێنرێن.
سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی: لە ئەگەری بەردەوامبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەمان، وەڵامەکانی ئێمەش تووندتر دەبن.
سەرۆک کۆماری فەرەنسا ڕایگەیاند: وڵاتەکەی بەشداریی لە هێرشی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نەکردووە و پشتیوانیشی ناکات.
دەشڵێت: هەر هێرشێک بۆ سەر دامەزراوە مەدەنی یان ئەتۆمییەکان جێگەی قبووڵ نییە.
پێشتر ماکرۆن لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیبووی: لە هەوڵدایە بۆ دۆزینەوەی چارەی دیپلۆماسی بۆ کێشەی ئێران و ئیسرائیل.
ئاماژەی بەوەش کردبوو، دڵنیام کە ڕێگەیەک هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و دوورکەوتنەوە لە مەترسی گەورەتر. کار بۆ رێکخستنی ئەم دانوستانە خێراتر دەکەین کە فەرەنسا و هاوبەشە ئەورووپیەکانی لەگەڵ ئێران بەڕێوەی دەبەن.
جەختی لەوەش کردبووەوە ئێران نابێت چەکی ئەتۆمی هەبێت و دەشبێت دڵنیایی تەواو بدات کە بەرنامەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتییانە بەکار بهێنێت.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.