عراقچی: بەردەوامی دانوستانەکان پەیوەستە بە وەستاندنی هێرشەکانی ئیسرائیل
وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە، ئێران بۆ درێژەدان بە دانوستانە ئەتۆمییەکان، تاکە مەرجی ئەوەیە دەبێت هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە ڕابگیرێن.
شەممە 21ـی حوزەیرانی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ناتوانین دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا بکەین لە کاتێکدا گەلەکەمان بۆردومان دەکرێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختی لەوە کردەوە، تاکە مەرجی ئێران بۆ درێژەدان بە دانوستانە ئەتۆمییەکان، ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیلە بۆ سەر ئەو وڵاتە.
هەروەها عراقچی، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، لەمیانەی پۆستێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئێران زۆر سوپاسی پشتیوانییەکانی وڵاتانی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامیی دەکات لە بەرانبەر دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل.
وەزیری دەرەوەی ئێران، گوتی: "وڵاتانی ڕۆژئاوا چاویان لە ئاست دڕندەییەکانی ئیسرائیل کوێر بووە، دڕندەییەکانی ئیسرائیل تەنیا دژی ئێران نین، بەڵکو دژی موسڵمانانیشە لە تەواوی ناوچەکەدا."
Iran is deeply grateful for the Organisation of Islamic Cooperation's (OIC) expression of full and unequivocal support in the face of the Israeli regime’s aggression.
— Seyed Abbas Araghchi (@araghchi) June 21, 2025
While the West has turned a blind eye to Israel's atrocities—not just against Iran, but against Muslims across… pic.twitter.com/RxFJV1Divo
تا ئێستا پێنج گەڕی دانوستانی ئەتۆمی لەنێوان شاندەکانی ئەمەریکا و ئێران بەڕێوە چووە، لە کاتێکدا بڕیاڕ بوو ڕۆژی یەکشەممە 15ـی حوزەیرانی 2025، گەڕی شەشەمی دانوستان لە نێوانیاندا بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، وڵاتەکە بەشداریکردنی لە دانوستانە ئەتۆمییەکە هەڵپەسارد.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.