هێرشی تێکەڵەی مووشەک و درۆنی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێ کرد

نۆزدەهەمین شەپۆلی هێرشەکانی بەڵێنی ڕاستگۆیی3 سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێکرد، ئاژانسی تەسنیمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، هێرشەکە تێکەڵەیە لە مووشەک و درۆن ئاراستەی سەرتاسەری ئیسرائیل کراوە.

عەلی ‌محەممەد نائینی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت: لە نۆزدەهەمین شەپۆلی هێرشەکانی بەڵێنی ڕاستگۆیی3 بۆ سەر ئیسرائیل، لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا دەستی پێکردووە، ژمارەیەکی زۆر لە درۆن ئاراستەی چەندین ئامانج کراون، هەر لە باکوورەوە تاوەکوو باشووری چەندین پێگە و ناوەندی گرنگ کراونەتە ئامانج.

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، نائینی ڕاشیگەیاندووە، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا بە چەندین جۆری جیاوازی درۆن هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل، جەختیش دەکاتەوە کە هێرشەکانیان بە مووشەک و درۆن بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوام دەبن. 

هەروەها ئیمان تاجیک، گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی ڕاستگۆیی3 ڕایگەیاندووە، لە درێژەی هێرشە مووشەکی و درۆنەکان بۆ سەر ئیسرائیل توانیویانە بەشێکی زۆر لە سیستەمی ڕادار و بەرگریی ئاسمانی سوپای ئیسرائیل لەناو ببەن، بەمەش سوپای ئیسرائیل تووشی لە دەستدانی هاوسەنگی و کورتهێنانی چەک و تەقەمەنی بووەتەوە.

تاجیک هەڕەشەی توند دەکات لەوەی هەر وڵاتێک لە دابینکردنی هەر جۆرە پێداویستییەکی سەربازی، ڕاداری و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ ئیسرائیل، ئێران ئەو کارە بە هاوبەشیکردن لەگەڵ ئیسرائیل هەژمار دەکات و بە مافی خۆی دەزانێت کەشتی یا فڕۆکەکانی ئەو وڵاتانە بکاتە ئامانجی هێرشەکانی.