وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل: لە شەش ڕۆژدا ئێران زیاتر لە 950 مووشەک و درۆنی هەڵداوە

وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لە تازەترن ڕاپۆرتیدا ئاماری شەش ڕۆژی ڕابردووی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەی بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەیداوە بە قەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکان کردووە.

بە گوێرەی ئەو ئامارەی وەزارەتەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، لە 16 تاوەکوو 21ی حوزەیرانی 2025، واتە تەنیا لە شەش ڕۆژەدا، هێزەکانی ئێران زیاتر لە 950 درۆن و مووشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و بەهۆیەوە 24 هاووڵاتیی ئیسرائیلی کوژراون و هەزار و 217 کەسیش برینداربوون.

هەر لەو شەش ڕۆژەی ڕابردوودا، بەهۆی مەترسیی هێرشە مووشەکی و درۆنەکانی ئێران، حکوومەتی ئیسرائیل هەشت هەزار 190 کەسی بۆ شوێنی پارێزراو ڕاگواستووە.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل، هێرشەکانی ئێران لەو شەش ڕۆژەی ڕابردوودا، زیانیان بە 25 هەزار و 190 باڵەخانە و خانوو لەگەڵ پێنج هەزار و 629 ئۆتۆمبێل و موڵکی خەڵکی مەدەنی گەیاندووە.

جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران پێی ناوەتە دەیەمین ڕۆژ و مەترسی پەرەسەندنی جەنگەکە تا دێت زیاتر دەبێت، هەر لە بارەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، دوێنێ شەممە، ئیڤی دیڤرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگەکە لە 13ـی ئەم مانگەوە، ئێران زیاتر لە هەزار درۆنـی ئاراستە ناوچە جیاجیاکانی ئیسرائیل کردووە و لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی بەرپەچدراوەتەوە. 

گوتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ شەڕێکی درێژخایەن ڕایگەیاند و هەڕەشەی لە ئێران کرد، بەوە ڕێگە نادەن تاران هێزی سەربازیی بۆ بگەڕێتەوە.