ئێران بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی پشڕاست کردەوە

سوپای پاسداران: ئێستا جەنگەکە دەستی پێ کرد

مورتەزا حەیدەری، گوتەبێژی ناوەندی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی پارێزگای قوم ڕایگەیاند، چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر، دوای چالاکبوونی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی قوم، شوێنی ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی دوژمن دەست نیشان کران، دەرکەوت چەند بەشێکی دامەزراوەی ئەتۆمی فۆردۆ کراوەتە ئامانج و بۆمباران کراوە.

لەلایەن خۆیەوە سوپای پاسدارانی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بە کورتی پەیامی فراوان بوونی جەنگی بڵاو کردووەتەوە و نووسویەتی "ئێستا بۆ ئێمە جەنگەکە دەستیپێکرد".

هەروەها کەناڵی تێلیگرامی ئاژانسی تەسنیم لە زاری ئەکبەر ساڵحی، جێگری فەرماندەی ئەمنی پارێزگاری ئیسفەهان بڵاوی کردووەتەووە، چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر بەرگریی ئاسمانی لە ئیسفەهان و کاشان بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکان لە چەند لایەکەوە تەقەیان کردووە، بەڵام لە هەمانکاتدا لە دامەزراوەی نەتەنز و ئیسفەهان دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز بیستراوە.

ڕاشیگەیاندووە، ئێمە شایەتحاڵی هێرشەکان بووین لە نزیک هەردوو دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئیسفەهان و نەتەنز.

سەبارەت بە بارودۆخی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، ئاژانسی تەنسیم بڵاوی کردووەتەوە، بڕیارە کەمێکی دیکەی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕوونکردنەوەیەک بڵاو بکاتەوە.

هەروەها مەهدی محەممەدی، ڕاوێژکاری ستراتیژی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: لە ڕوانگەی ئێران ڕووداوێکی ئەوتۆ نەبووە، چونکە چەند شەوێکە چاوەڕوانی هێرشی سەر فۆردۆ بووین، ماوەیەکی زۆرە دامەزراوەکە چۆڵکراوە، هەربۆیە زیانێکی وەهای نەبووە و پێویستە لە دوو شت دڵنیا ببنەوە، یەکەمیان ئەوەیە زانین و زانست بۆمباران ناکرێن، دووەمیش ئەوەیە قورمار باز ئەمجارە دەدۆڕێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس بڵاوی کردووەتەوە و وێڕای سوپاس کردنی هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی، نووسیویەتی: هێرشێکی سەرکەوتوومان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەوانە بۆ سەر فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان ئەنجامداوە. هەروەها ئاماژەیداوە، ئەمەریکا خاوەنی بەهێزترین سوپای جیهانە و ئۆپەراسیۆنێکیان کردووە، کە سوپای هیچ وڵاتێک ناتوانێت ئەنجامی بدات.

 

 

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment