ئێران شەپۆلێک مووشەکی نوێی گرتە ئیسرائیل

ئێران بە چەندین مووشەکی خەیبەر و بالیستی خورەمشەهر4، هێرشی  کردە سەر ناوەڕاست و باکووری ئیسرائیل، دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا هەر سێ کورەی ئەتۆمیی نەتەنز و فۆردۆ و ئەسفەهانی بۆمباران کرد.

میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025،  سوپای پاسدارانی ئێران نزیکەی 30 مووشەکی خەیبەر و بالیستی خورەمشەهر4ـی گرتووەتە ئیسرائیل، بەهۆی ئەو هێرشەوە، زیان بە چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل گەیشتووە.

هێزە ناوخۆکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کرد، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە 400 شارۆچکە لە حەیفا تاکوو تەلئەڤیڤ و قودس و دەریای مردوو لێ دەدرێت، ئەگەری هەیە هێرشەکانی ئێران چڕتر ببنەوە لەسەر ئیسرائیل.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپیەوە لە گوتارێکدا گوتی: فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا لە سێ شوێنی ئێران، ئۆپەراسیۆنێکی زۆر وردیان کردووە، بە بۆمبارانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ڕژێمی ئێرانمان، بە لەناوبردنی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان.

گوتیشی: ئامانجی ئێمە لە هێرشەکە ئەوە بوو، توانای ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرین و کۆتایی بە هەڕەشەکانی ڕژێمی ئێران بهێنین، کە وڵاتی یەکەمە لە پشتیوانی کردنی تیرۆر لە ئاستی جیهاندا.

ترەمپ لە گوتارەکەیدا، گوتی: دەتوانم بە جیهان ڕابگەیەنم کە هێرشەکەی ئێمە زۆر ناوازە بوو، لە ڕووی سەربازییەوە زۆر سەرکەوتوو بوون، چونکە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بە تەواوی وێرانکران و لەنێو بران.

هەروەها ڕایگەیاند، ئێران ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێکداوە، بەڵام ئێستا دەبێت ئاشتی بکات.