حکوومەتی عێراق لەبارەی هێرشەکانی ئەمەریکا: سەقامگیریی ناوچەکە دەخەنە مەترسییەوە
یەکشەممە، 22-06-2025، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێران بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە: "حکوومەتی عێراق نیگەرانیی قووڵی خۆی لە بۆمبارانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەردەبڕێت و بە توندی سەرکۆنەیان دەکات. ئەم پەرەسەندنە سەربازییە، مەترسییەکی جیددی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکات و سەقامگیریی ناوچەکە بە شێوەیەکی گشتی دەخاتە مەترسییەوە."
حکوومەتی عێراق "بەکارهێنانی هێز لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ڕەت دەکاتەوە و داوای ڕێزگرتن ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان و هێرشنەکردنە سەر دامەزراوە گرنگەکانیان دەکات، بە تایبەتی ئەوانەی لەژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدان و بۆ مەبەستی ئاشتیانە بەکاردەهێنرێن."
حکوومەتی عێراق جەخت لە ڕێگەی دیپلۆماسی بۆ چارەکردنی کێشەکان دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەدات "چارەسەری سەربازی ناتوانێت جێگرەوەی گفتوگۆ و دیپلۆماسی بێت. بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی مەترسیدار و ئەنجامەکانیشی سنووری هەموو دەوڵەتان دەبەزێنن و کاریگەری لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە و جیهان دەبێت."
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "شەڕ تەنها وێرانکاری لە دوای خۆی بەجێ دەهێڵێت. دەبێت وڵاتە زلهێزەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕۆڵیان لە ڕزگارکردنی جیهان لە قەیرانی زیاتر بێت نەک ئاگرتێبەردانیان."
حکوومەتی فیدراڵی باسی لەوەش کردووە "عێراق بە پشتبەستن بە بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەیی و نێودەوڵەتی، داوای دەستبەجێی کەمکردنەوەی ئاستی پەرەسەندن و کردنەوەی کەناڵی دیپلۆماسی بەپەلە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و هەوڵدان بۆ هێورکردنەوەی قەیرانەکان دەکات بە شێوەیەک کە ئاسایشی بەکۆمەڵ مسۆگەر بکات و ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان بگرێت."
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ـیان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' نووسیویەتی: "ئێمە هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهانیان لەخۆگرتبوو. هەموو فڕۆکەکان ئێستا لە دەرەوەی ئاسمانی ئێرانن. بارێکی تەواو لە بۆمب خرایە خوارەوە بۆ سەر بنکە سەرەکییەکە، فۆردۆ."
لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەی ترەمپدا هاتووە: "هەموو فڕۆکەکان بە سەلامەتی لە ڕێگەی گەڕانەوەدان بۆ نیشتمان. پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنە ئەمەریکییەکانمان دەکەین. هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات. ئێستا کاتی ئاشتییە! سوپاس بۆ سەرنجتان لەسەر ئەم بابەتە."
دوای هێرشەکانی ئەمەریکا، سوپای پاسداران لە پەیامێکدا ڕایگەیاند ''ئێستا جەنگ بۆ ئێمە دەستی پێ کرد.'' دوای ئەم پەیامەش ئێران بە دوو شەپۆل، زیاتر لە 30 مووشەکی بالیستی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. بە گوێرەی دەستەی فریاگوزاریی ئیسرائیل، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممەی ئێران، زیاتر لە 20 هاووڵاتیی سڤیل برینداربوون و برینی دووانیان سەختە.
ئەمە لە کاتێکدایە، شەڕی ئێران و ئیسرائیل چووەتە هەفتەی دووەمەوە و ڕۆژانە هەردوولا بۆمبارانی یەکدی دەکەن.
سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگ تا ڕۆژی شەممە، 21-06-2025، 430 کەس لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون و زیاتر لە 3500 کەسی دیکەش بریندار بوون؛ کە زۆرینەیان هاووڵاتیی سڤیلن.