کەمکردنەوەی کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا بەردەوامە
یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، بەرپرسێکی ئەمەریکایی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی واشنتن هێرشی کردە سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەمڕۆ ژمارەیەکی دیکەی کارمەندی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا عێراقیان بەجێ هێشت، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانە بۆ کەمکردنەوەی کارمەندانی باڵیۆزخانە بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکە.
ئەو بەرپرسە ئەمەریکاییە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە "لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانمان بۆ ڕێکخستنی ئۆپەراسیۆنەکان، لە ڕۆژانی 21 و 22ی حوزەیران کارمەندانی دیکە عێراقیان بەجێ هێشتووە."
ئاماژەی بەوەش کرد، ڕۆیشتنی کارمەندانی باڵیۆزخانە درێژەپێدەری ئەو پرۆسەیە بوو کە لە هەفتەی ڕابردوو دەستی پێ کرد، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و پاراستنی سەلامەتیی کارمەندانە، بەڵام باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکان لە کاری خۆیان بەردەوامن.
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا و کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر لە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشدا، کە بۆ جاری دووەمە لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، هاووڵاتییانی وڵاتەکەیان ئاگادار دەکەنەوە، بەهیچ شێوەیەک سەردانی عێراق نەکەن و چەند ڕێنماییەکیشیان بۆ ئەو هاووڵاتییە ئەمەریکیانە بڵاو کردووەتەوە، کە لە عێراقن.
لە ڕێنماییەکاندا هاتووە، لە شوێنە قەرەباڵغەکان خۆیان بەدوور بگرن، هاوکات مۆبایلەکانیان بەردەوام پڕشەحن بێت و بەشێوەیەکی بەردەوام لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانیان لە پەیوەندیدا بن، بۆ ئەوەی زانیاریی لە بارەی بارودخیان بدەن.
هەروەها داوای لە هاووڵاتییانی ئەمەریکی لە عێراق کردووە، بەردەوام ئاگایان لە هەواڵەکان بێت، ئەوانەشی دەیانەوێت لەسنووری تورکیا و کوەیت، عێراق جێبێڵن، دەبێت باڵیۆزخانەکانی ئەمەریکا لە تورکیا و کوەیت ئاگادار بکەنەوە.
هەر لە هۆشدارییە هاوبەشەکەدا هاتووە، پێویستە ئەو هاووڵاتییە ئەمەریکیانەی لە عێراقن، ناویان لە پرۆگرامی تۆماری گەشتیاریی (STEP) تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی لە کاتی پێویست و هەر حاڵەتێکی لە ناکاو زانیاریی پێ بدرێت و هاوکاریی بکرێت.
هەروەها ئاماژەیانداوە، بەردەوام چاودێری پلاتفۆرمەکانی فەیسبووک و ئێکسی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بکەن.
پێشکەشکردنی ئەم زانیاریانە ڕێگە بە باڵیۆزخانە دەدات کە خێراتر یارمەتیت بدات لە ئەگەری ڕوودانی حاڵەتێکی لەناکاودا.