ئەمەریکا پێشبینی دەکات لە 48 کاتژمێری داهاتوودا ئێران وەڵامی هێرشەکانی بداتەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتی سەرپەرشتیی هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران (وێنە: کۆشکی سپی)
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتی سەرپەرشتیی هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران (وێنە: کۆشکی سپی)

بەرپرسانی کۆشکی سپی پێشبینی دەکەن لە 48 کاتژمێری داهاتوودا ئێران وەڵامی هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی بداتەوە. 

یەکشەممە، 22-06-2025، کەناڵی 'ئێن بی سی' لەسەر زاری ژمارەیەک بەرپرسی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا خۆی بۆ ئەگەری وەڵامدانەوەی ئێران لە بەرانبەر بۆمبارانکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی، ئامادە کردووە. 

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، ئیدارەی ترەمپ پێشبینی دەکات لە 48 کاتژمێری داهاتوودا، ئێران وەڵامی هێرشەکانی ئەمەریکا بداتەوە، بەڵام جارێ نازانرێت، هێرش دەکرێتە سەر ناوخۆی ئەمەریکا یان بنکە سەربازییەکانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 

هاوکات، ئاژانسی ڕۆیتەرز لەسەر زاری ژمارەیەک بەرپرسی باڵای کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە داوە، داوی ئەوەی ترەمپ دڵنیا بووەتەوە هێرشی سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران سەرکەوتوو دەبێت، ئینجا گڵۆپی سەوزی بۆ هێرشەکە دەرکردووە. 

ئەو بەرپرسانەی کۆشکی سپی باسیان لەوەش کردووە "ترەمپ گەیشتبووە ئەو بڕوایەی ئێران  هیچ ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی ناکات، ئەگەر لە بەرژەوەندیی ئەودا نابێت. بۆیە بە پێویستی زانی لە بنکە ئەتۆمییەکانی بدرێت."

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ـیان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' نووسیویەتی "ئێمە، هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە بریتی بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان. هەموو فڕۆکەکان ئێستا لە دەرەوەی ئاسمانی ئێرانن.  بارێکی تەواو لە بۆمب  بۆ سەر بنکە سەرەکییەکە واتە فۆردۆ، خرایە خوارەوە."

لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەی ترەمپدا هاتووە "هەموو فڕۆکەکان بە سەلامەتی لە ڕێگەی گەڕانەوەدان بۆ نیشتمان. پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنە ئەمەریکییەکانمان دەکەین. هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات. ئێستا کاتی ئاشتییە! سوپاس بۆ سەرنجتان لەسەر ئەم بابەتە."

دوای هێرشەکانی ئەمەریکا، سوپای پاسداران لە پەیامێکدا ڕایگەیاند ''جەنگی ئێمە ئێستە دەستی پێ کرد.'' دوای ئەم پەیامەش، ئێران بە دوو شەپۆل، زیاتر لە 30 مووشەکی بالیستی گرتە ئیسرائیل. بە گوێرەی دەستەی فریاگوزاریی ئیسرائیل، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممەی ئێران، زیاتر لە 20 هاووڵاتیی سڤیل بریندار بوون کە برینی دوانیان سەختە. 

ئەمە لە کاتێکدایە، شەڕی ئێران و ئیسرائیل چووەتە هەفتەی دووەمەوە و ڕۆژانە هەردوولا بۆمبارانی یەکدی دەکەن.

سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و  چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت. 

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگ تا ڕۆژی شەممە، 21-06-2025، 430 کەس لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون و زیاتر لە 3500 کەسی دیکەش بریندار بوون؛ کە زۆرینەیان هاووڵاتیی سڤیلن.