وەزیری دەرەوەی ئێران: چەندان بژاردەمان لەبەردەستە بۆ وەڵامدانەوەی ئەمەریکا

وەزیری دەرەوەی ئێران
وەزیری دەرەوەی ئێران

 وەزیری دەرەوەی ئێران جەخت لە وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان دەکاتەوە.

یەکشەممە، 22-06-2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئیستانبوڵ، بە توندی سەرکۆنەی هێرشی ئەمەریکای بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی کرد و دووپاتی کردەوە، ئەمەریکا بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانی هێرشەکە لە ئەستۆ دەگرێت. 

وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشەکان بکات. باسی لەوەش کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا خیانەتی لە دیپلۆماسییەت، دەنگدەر و لایەنگرانی کرد، چونکە هێرشەکان لە کاتێکدا کران کە ئێران لە دانوستانەکانی لەگەڵ ئەورووپییەکان، لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەردەوام بوو. 

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە، بە گوێرەی پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران مافی وەڵامدانەوەی هەیە و چەند بژاردەیەکیشیان بۆ ئەو مەبەستە لەبەردەستدایە. گوتیشی: "ئەمەریکا و ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان هێڵی سووری گەورەیان بەزاند و نازانم لە داهاتوودا چ ڕێگایەک دەمێنێتەوە بۆ دانوستان."

عێراقچی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد "سبەینێ دووشەممە، 23-06-2025، دەچمە مۆسکۆ و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا کۆ دەبمەوە."

هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ـیان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' نووسیویەتی "ئێمە، هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە بریتی بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان. هەموو فڕۆکەکان ئێستا لە دەرەوەی ئاسمانی ئێرانن.  بارێکی تەواو لە بۆمب  بۆ سەر بنکە سەرەکییەکە واتە فۆردۆ، خرایە خوارەوە."

لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەی ترەمپدا هاتووە "هەموو فڕۆکەکان بە سەلامەتی لە ڕێگەی گەڕانەوەدان بۆ نیشتمان. پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنە ئەمەریکییەکانمان دەکەین. هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات. ئێستا کاتی ئاشتییە! سوپاس بۆ سەرنجتان لەسەر ئەم بابەتە."

دوای هێرشەکانی ئەمەریکا، سوپای پاسداران لە پەیامێکدا ڕایگەیاند ''جەنگی ئێمە ئێستە دەستی پێ کرد.'' دوای ئەم پەیامەش، ئێران بە دوو شەپۆل، زیاتر لە 30 مووشەکی بالیستی گرتە ئیسرائیل. بە گوێرەی دەستەی فریاگوزاریی ئیسرائیل، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممەی ئێران، زیاتر لە 20 هاووڵاتیی سڤیل بریندار بوون کە برینی دوانیان سەختە. 

ئەمە لە کاتێکدایە، شەڕی ئێران و ئیسرائیل چووەتە هەفتەی دووەمەوە و ڕۆژانە هەردوولا بۆمبارانی یەکدی دەکەن.

سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و  چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت. 

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگ تا ڕۆژی شەممە، 21-06-2025، 430 کەس لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون و زیاتر لە 3500 کەسی دیکەش بریندار بوون؛ کە زۆرینەیان هاووڵاتیی سڤیلن.