ئەنتۆنیۆ گوتێرێز: ئاشتی بە زەبری هێز ناسەپەندرێت

ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕاگەیاند: پێویستە دیپلۆماسییەت سەربخرێت و نەتەوەیەکگرتووەکان ئامادەیە پشتیوانی لە هەر هەوڵێك بۆ چارەسەرێكی ئاشتییانە بکات. 

ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، ڕاگەیاند: دەبێت دەستبەجێ و یەکلاکەرەوانە کردەوەمان هەبێت تا رێگری لە شەڕ بکەین و لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران بگەڕێینەوە بۆ دانوستانی جدی و بەردەوام، پێویستمان بە چارەسەرێکی متمانەپێکراو گشتگیر و پشتڕاستکراوە هەیە، چارەسەرێك کە متمانە دەگەڕێنێتەوە.

سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، گوتی: پێویستە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم وەك دەسەڵاتی تەکنینی نەتەوەیەکگرتووەکان توانای دەستڕاگەیشتنی تەواویان لەو ناوچەیە هەبێت و هەروەها ئاشتی بەزەبری هێز ناسەپەندرێت.

گوتێرێز باسی لەوەش کرد، رێککەوتنامەی بڵاونەبوونەوەی چەکی ئەتۆم بەردێکی بناغەی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتییە و دەبێت ئێران بەتەواوی رێزی لێبگرێت، تەواوی وڵاتانی ئەندامیش بەگوێرەی ئەرکەکانیان لەژێر جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان و یاساکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و یاسا مرۆییەکان کار بکەن. 

گوتێرێز، ئاماژەی بەوەش کرد، نەتەوەیەکگرتووەکان ئامادەیە پشتیوانی لە هەر هەوڵێك بۆ چارەسەرێكی ئاشتییانە بکات، بەڵام ئاشتی ناسەپێندرێت و دەبێت هەڵبژێردرێت، داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەندامانی دەکەم لۆژێکیانە و دەستبەجێ مامەڵە بکەن و دان بەخۆیان دابگرن، نابێت و ناکرێت دەستبەرداری ئاشتی بین.

 
Fly Erbil Advertisment