ئوسترالیا پشتیوانیی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران دەکات
حکوومەتی ئوسترالیا پشتیوانیی خۆی بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕاگەیاند، لە هەمانکاتدا نیگەرانی دەربڕیوە لەوەی دۆخەکە لە دەست دەربچێت و ببێتە جەنگێکی سەتاسەری و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە.
پێنی وۆنگ، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: نابێت بوار و دەرفەت بدرێتە ئێران تاوەکوو پەرە بە توانا ئەتۆمییەکەییەوە بنێت و ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هەربۆیە ئوسترالیا پشتگیری لە گرتنەبەری هەر هەنگاوێک دەکات بۆ ڕێگری لە تاران، ئەمەش هەڵوێستە ڕاستەقینەکەیە.
دەڵێت: ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات گرنگە، ئێمە نامانەوێت ئاڵۆزی زیاتر ڕووبدات، باشتر وایە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان ڕێگەی دیپلۆماسی بگیرێتەبەر، چونکە جیهان نایەوێت شەڕێکی سەرتاسەری بەرۆکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێت.
پێنی وۆنگ ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئەمەریکا ئەو شوێنانەیان پێکاوە، کە پەیوەندییان بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانەوە هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێشێلکاریانەی ئێران لە پابەند نەبوونی بە پەیماننامەی نێدەوڵەتی دەیکرد.
وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا وێڕای پشتیوانیی لە هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، جەختیشی لە پابەندی وڵاتەکەی کردووەتەوە کە شانبەشانی ئەمەریکا و وڵاتە هاوپەیمانەکانی دەوەستێت.